رۆحانی: دەبێت خەڵک بەشێکی کار و ژیانیان بکەنە ئۆنلاین

K24 - هەولێر

تائێستا نزیکەی 150 هەزار کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش دەڵێ "دەبێت خەڵک بەشێکی کار و ژیانیان بکەنە ئۆنلاین".

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ (شەممە، 30-5-2020)ـی كابینەکەی رایگەیاند: "دۆخی ئێران بە ئاسانی بۆ پێش قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناگەڕێتەوە". 

رۆحانی داواشی لە خەڵك کرد خۆیان بە ژیانی خۆپارێزی رابهێنن و، "ئەو راستییەش قبووڵ بكەن؛ ژیان و كار بەھۆی كۆرۆناوە لە ئێران دەبێتە ئۆنلاین".

گوتەکانی رۆحانی لەکاتێکدان، وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 57 کەسی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و، دوو هەزار و 282 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

تائیستا 148 هەزار و 950 کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و، حەوت هەزار و 734 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هەرچەندە رۆحانی باس لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکات بۆ راپەڕاندنی کار، بەڵام ئێران بە یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت لەڕووی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتەوە و، زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لەو وڵاتە سانسۆریان لەسەرە. 

 

هـ.ر.