هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک سازناکرێت

بەهۆی کۆرۆنا ئامادەکاری نەکراوە

K24 - دهۆک

سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک، بڕیاریاندا ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە سازنەکرێت.

ئەیوب رەمەزان، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی پارێزگای دهۆک بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکیاندا، ستافی فێستیڤاڵ بڕیاریان دا، ئەمساڵ هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک نەکرێت.

هۆکاری سازنەکردنی ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە بەگوتەی ئەیوب رەمەزان، بۆ بارۆدۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەگەڕێتەوە بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆنا.

راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، یەکێکە لە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان، لە هەرێمی کوردستان وەکو رێگەیەکی رێگریکردن لە پەتاکە، پەیڕەو کراوە، ئەمەش رێگربووە لەوەی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئامادەکاری بکەن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک ساڵانە سینەماکارانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ سینەماکارانی جیهان لە شاری دهۆک کۆدەکاتەوە و، دەیان فیلمی کوردی و جیهانی تێیدا نیشاندەدرێن و "بووەتە پردێک لەنێوان سینەماکارانی کورد و جیهان".

 

هـ.ر.