کۆرۆنا پلانی وەزارەتەکان رادەگرێت

وەزارەتەکان کار بە پلانی خێرا و فریاگوزاری دەکەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا  لەگەڵ ئەوەی کێشەی دارايی بەدوای خۆیدا ھێناوە،  پلانی چوار ساڵەی وەزارەتەکانی حكومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ خزمەتکردنی کەرتە جیاوازەکانی راگرتووە، ئێستا وەزارەتەکان پلانی خێرا و فریاگوزاری جێبەجێ دەکەن.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە كوردستان24ی راگەیاند، بەھۆی رێکارەکانی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریاندا ئەولەويەتی کارەکانیان پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان بێت لە ڤایرۆسەکە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، جگە لە کاریگەرییە ئابورییەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەش کاریگەری ھەبووە، وەزارەتی کارەباش یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە داخستی فڕۆکەخانەکان و رێکارەکانی قەدەغەی ھاتووچۆ لە جیھان رێگربووە لەوەی کۆمپانیاکان بگەنە ھەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە وەزارەتەکە لە بەردەستێتی بۆ دروستکردنی وێسگەی کارەبای نوێ و بەرھەمھێنانی کارەبای زیاتر.

دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەدەدات، كۆرۆنا ئاستەنگی بۆ كارەكانی ئەوانیش دروستكردووە.

 کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی  داواى له وەزارەتەكان كرد پلانى چوار ساڵەيان ئامادەبكەن، پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆ، لە سێکتەرەکانی وەبەرھێنان و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و کارەبا و ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەکان دەستیان پێکرد، بەڵام بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزينى نرخى نەوت پلانەکانی سستکرد و لێكەوتە ئابوورییەكانى رێگربوون لەوەی پڕۆژەکان بەردەوام بن.