یەکێک لە هۆکارەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکرێت

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت

K24 - هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەرپرسانی ناوچەکە ئاشکرایان کردووە، ماوەی دوو هەفتەیە تیمی تەندروستی پێنجوێن لە باشماخ نەماون و هیچ پشکنینێک لە مەرزەکە ئەنجام نەدراوە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن رایگەیاند، تەنها هەفتەیەکە تیمەکە لە مەرزی باشماخ نەماون.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر مەرزەکان دابخرێن و لە ئێستاشدا تیمێکی پزیشکی سلێمانی گەیشتووەتە مەرزی باشماخ.

پێشتریش، لەبارەی رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مەرزی باشماخ، کێشە دروستبووبوو بەوەی رێگری لە تیمی تەندروستی پێنجوێن کرابوو، بچنە ناو مەرزەکە بە بیانووی ئەوەی ژمارەیان زۆر بووە.

بەگوێرەی راگەیەندروای ژمارە 38ـی وەزارەتی ناوخۆ، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تا 6/6/2020 دادەخرێن.