لێکۆڵینەوە لە گۆڕستانێکی بێ ناونیشانی سلێمانی دەکرێت

پارێزەرێک دۆسیەی کوژراوانی گۆڕستانێک لە دادگا زیندوو دەکاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارێزەرێکی سلێمانی، زیاتر لە ساڵێکە بەخۆبەخشانە، دەستی بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە، لەبارەی گۆڕستانێکی بێ ناونیشان، کەسەرجەمی ئەوانەی لەو گۆڕستانە بەخاکسپێردراون، ھەریەکەیان بەجۆرێک گیانیان لەدەستداوە، ئەو بەدوای ھۆکارەکەی دەگەڕێ، بەئامانجی ئەوەی کەیسەکان لەنێو دادگاکان زیندوو بکاتەوە و ئەو کەسانەی کە بەناھەق گیانیان لەدەستداوە ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن.

گۆڕستانێکی بێ نازە و جیاوازە لە گۆڕستانەکانی دیکە، کێلی ھەموو گۆڕەکان لەبری ناو، ژمارەیان بۆ دانراوە. رۆژگار ئیبراھیم، وەک تاکە پارێزەرێکی خۆبەخش بەدوای ھۆکاری پشت گیان لەدەستدانەکەیانیان دەگەڕێت، زانیاری باشی  لەسەر مردووە بێ ناسنامەکان کۆکردووەتەوە، ئەوانەی بەناھەق گیانیان لەدەستداوە، ئەو دەیەوێ ئەنجامدەرانیان  سزا وەرگرن، تا حاڵەتەکان روو لە ھەڵکشان نەکەن.

ژمارەی گۆڕەکان زیاترە لە سێ ھەزار گۆڕی بێ ناونیشان و ھەرکەیان بەجۆرێک گیانی لەدەستداوە. كەسێك بەناوی عوسمان بەخۆبەخشانە زۆرینەیانی بەدەستەکانی خۆی بەخاكسپاردووە، چیرۆکی سەرەتایی گیان لەدەستدانی ھەندێکیانی بیرماوە. بۆ رۆژگاری دەگێرێتەوە.

ھەریەک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە و نێژراون، چیرۆکیکی دوور و درێژیان لەپشتە. رۆژگار بەشێک لە کەیسەکان دەباتە نێو دادگای سلێمانی و داواکاری گشتی لێ ئاگادار دەکاتەوە. ئامانجێتی چیدیکە ھیچ مردووێک لەنێو ئەو گۆڕستانە نەنێژرێت.