"دەرمانێکی کۆرۆنا" جیهان بەسەر دووبەرە دابەش دەکات

کوردستان بڕیار لەبارەی بەکارهێنان یان راگرتنی هایدرۆکسی کلۆرۆکین دەدات

 K24 - هەولێر

لەوەتەی بڵاوبوونەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک، کە دەڵێ"ماددەی هایدرۆکسی کلۆرۆکین، نەک تەنیا سوودبەخش نییە بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا، بەڵکو زیانیشیان پێدەگەیەنێت"، وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە دابەش بوون، هەرێمی کوردستانیش هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەوەی بچێتە کام بەرەوە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، لە گۆڤاری پزیشکیی "لانسێت" لە 22-5-2020 بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت ماددەی هایدرۆکسی کلۆرۆکین، کە بۆ چارەسەری نەخۆشیی مەلاریا بەکاردێت، تەنیا بێسوود نییە بۆ ئەوانەی نەخۆشیی کۆرۆنایان گرتووە، بەڵکو ئەگەری مردن لە نەخۆشانی کۆرۆنا زیاددەکات و دەشبێتە هۆی ناڕێکی ترپەکانی دڵ.

هەرزوو بەشێکی پزیشکان رەخنەیان لەو لێکۆڵینەوەیە گرت. ئەوان دەڵێن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە پێچەوانەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پێشووە لەبارەی کاریگەریی دەرمانەکە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا.

لێکۆڵینەوەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک وڵات، لەنێویشیاندا فەرەنسا بەکارهێنانی دەرمانەکە رابگرن، بۆ ئەوانەی تووشبووی کۆرۆنان، هەرچەندە لەسەرەتادا پزیشکێکی فەرەنسی بەناوی دیدیێ راول، یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانە بوو کە بانگەشەی بۆ کارایی دەرمانەکە لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا دەکرد.

هەندێک وڵاتی دیکەی وەکو ئیتاڵیا، میسر، تونس، کۆڵۆمبیا، چیلی، سلڤادۆر، ئەلبانیا، بۆسنە بەکارهێنانی دەرمانەکەیان راگرتووە، بەڵام لە ئیتاڵیا وەکو بەشێک لە تاقیکردنەوە، دەرمانەکە دەردرێتە ژمارەیەکی دیاریکراوی نەخۆشانی کۆرۆنا.

ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە، رێژەیەکی کەمی تووشبووانی کۆرۆنا تێیدا گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانەکەش، ئەڵمانیا دەڵێ "ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێستا لەبەردەستن، رێگە بەوە نادەن کلۆرۆکین یان هایدرۆکسیدی کلۆرۆکین بە تووشبووانی کۆرۆنا بدرێت، لەدەرەوەی تاقیکردنەوەکان".

لەبەرامبەر ئەو وڵاتانە، هەندێک وڵاتی دیکە هەن دەڵێن بەکارهێنانی دەرمانەکە کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، لەنێویان: بەرازیل، جەزائیر، مەغریب، تورکیا، ئوردن، تایلەند، رۆمانیا، پورتوگال، کینیا، سەنیگال، چاد و کۆنگۆ.

محەمەد مەقات، ئەندامی لیژنەی زانستیی تایبەت بە چاودێریکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جەزائیر دەڵێ "هەزاران کەسمان بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە چارەسەرکردووە و، هەتاوەکو ئەمڕۆش هیچ حاڵەتێکی نەخوازراومان نەهاتووەتە رێگە. ئەو لێکۆڵینەوەیەش کە رۆژنامەی لانسێت بڵاوی کردووەتەوە باس لەوە دەکات هەندێک کەس کە رەوشی تەندروستییان زۆر خراپە، هیچ سوودێک لەو دەرمانە وەرناگرن، بەڵام بەگشتی دەرمانەکە ئەگەر لە سەرەتای تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، ئەوا کاریگەریی هەیە".

لە ئەمریکا دەرمانەکە تەنیا بە رەچەتەی پزیشکی بەکاردێت. ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە مانگی نیسانەوە هۆشداری داوە لەوەی هایدرۆکسی کلۆرۆکین رەنگە ببێتە هۆی ناڕێکیی ترپەی دڵ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە بە یەکێک لە گەورەترین داکۆکیکاران لە بەکارهێنانی دەرمانەکە دادەنرێت، جەختی دەکردەوە لەوەی "رۆژانە بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا، هایدرۆکسی کلۆرۆکین بەکاردێنێت"، بەڵام دواتر رایگەیاند خواردنی دەرمانەکەی راگرتووە.

بەکارهێنانی هایدرۆکسی کلۆرۆکین لە کوردستان

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 710 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە حەوتیان گیانیان لەدەستداوە، پرۆتۆکۆڵی چارەسەری کۆرۆناش ناوەندییە و لە بەغداوە بۆ هەموو عێراق دادەنرێت.

د. محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی هایدرۆکسی کلۆرۆکین لە کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 راگەیاند "هەتاوەکو ئێستا ئەو دەرمانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان بەکاردەهێنرێت، بەڵام پێویستمان بە لێکۆڵینەوە و داتایە بۆ زانینی کاریگەرییەکەی و ئێستاش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەخەتین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەکارهێنان یان راگرتنی پێدانی ئەو دەرمانە بە تووشبووانی کۆرۆنا بدەین".