بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر خێوەتێکی ئاوارەکانی غەززە، 10 کەس کوژران
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر خێوەتێکی ئاوارەکان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، 10 فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە ڕایگەیاند، "فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هێرشێکیان کردووەتە سەر خێوەتێکی ئاوارەکان، کە لە نزیک دەروازەی ئەسدا بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کۆببوونەوە، لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون".
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، ژێرخانی ئەو شارەی وێرانکرد و دەیان هەزار کەسیش کوژران و بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە 31-10-2024، ڕایگەیاند: ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە گەیشتە 43204. هەروەها زیاتر لە 102 هەزار کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی هەینی 8-11-2024، بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: "نزیکەی لە 70%ـی کوژراوانی شەڕی غەززە ئافرەت و منداڵن".
کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "لە کۆی 34500 کەس کە لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا کوژراون، 8119 کەسیان منداڵ و ئافرەت بوون".
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا، وردەکارییەکانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ڕوو، کە ڕەنگە زۆرجار بە "تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید" هەژمار دەکرێت".