زانیاری لەسەر چۆنیەتی قەدەغەی ھاتووچۆ دەخرێتەڕوو

ئێوارەی ئەمڕۆ دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، لە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ قەدەغەی ھاتووچۆی تەواو لە ھەرێمی كوردستان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و تا 6/6/2020 بەردەوام دەبێت. جێگری پارێزگاری ھەولێریش زانیاری لەبارەی رێكار و رێنماییەكان دەخاتەڕوو.

ھێمن قادر، جێگری پارێزگای ھەولێر و وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆن، بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەك لە بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێكراوە، قەدەغەی تەواوی ھاتووچۆ دەستپێدەكات و ھەموو شوێنەكان دادەخرێن، تەنھا عەلوەكان و نانەواخانەكان دەكرێنەوە و دەتوانن بەشێوەی دیلێڤەری لە كاتژمێر 6ی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ كاربكەن".

جێگری پارێزگاری ھەولێر جەختیكردەوە: "سەرجەم شوێنەكان دادەخرێن، دۆخەكە مەترسیدارە و ئێستا سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نادیارە، بۆیە باشترین رێگە بۆ ھاووڵاتییان خۆپارێزییە و پێویستە پابەندی رێنماییەكان بن".

دەربارەی ئەو كەسانەی ھاووڵاتییان لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان سارد دەكەنەوە و دەڵێن "كۆرۆنا نییە" ھێمن قادر، گوتی: "بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ داواكاری گشتی لەسەر ھێڵ دەبێت، ھەركەسێك پێشێلی بڕیارەكە دەكەن، یان پڕوپاگەندە دژی رێنماییەكان بڵاودەكەنەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".