نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبوونەوە

ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنا و رێكاره‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ كوردستان تاوتوێ كران

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر کۆبووەوە و چەند تەوەرێکیان تاوتوێ کرد، لەوانە: رێكاره‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌‌کانی به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى.

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌، 2-6-2020) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتيی بەریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ ديدارەکەدا دوايين پێشهاته‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و رێكاره‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌‌ هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى، به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى، تاوتوێ كران. نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه دۆخى وڵات ده‌خوازێت كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ چاره‌سه‌ربكرێن و هيواى خواست له‌گه‌ڵ حكومه‌تى مسته‌فا كازمى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر.

به‌هێزبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانى داعش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو، كه‌ تێیدا جه‌خت له‌ پێويستيى بوونى ميكانیزمێكى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسييه‌ جدييه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵدا كرايه‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌ولێر خواستى شانشينى يه‌كگرتووى بۆ پاراستن و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و، هيواى خواست كۆمپانيا به‌ريتانييه‌كان بتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى به‌ده‌ستبهێنن و له‌ ژێرخان و بواره‌ جياكانى ديكه‌دا كار و هاوبه‌شى بكه‌ن.

به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌تى عێراق و جه‌ختكردنه‌وه‌ى هه‌ردوولا‌ له‌ پشتگيرى بۆ سه‌رۆكوه‌زيران، كازمى. دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌واميى پرۆسه‌ى چاكسازى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.