واشنتن: هه‌رێم ده‌توانێت رۆڵێكی گرنگ له‌ سه‌رخستنی گفتوگۆی ستراتیژی به‌غدا و واشنتن ببینێت

هه‌ولێر به‌شداری له‌ گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا له‌ عێراق، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پشتیوانی له‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هەرێم دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لەسەرخستنی دانووستانی واشنتن و به‌غدا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (2ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020)، قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ "ماتیۆ تولەر" باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد.

ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، بە گرنگییەوە باس لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمه‌ریکا کراوه‌ و بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە و مەترسییەكانی داعش تاوتوێ كراون.

سایته‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، باسی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمه‌ریکا و عێراق کراوه‌، کە بڕیارە لەم مانگەدا بە بەشداری هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

جگه‌ له‌ به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتوگۆی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، جەختیان لەوە كردەوە، هەرێم دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لەسەرخستنی ئه‌و گفتوگۆ ستراتیژییه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، قوباد تاڵه‌بانی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا خسته‌ڕوو و له‌ به‌رامبه‌ریشدا، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و بەغدا دەربڕی.