پانۆڕامای خوێندنی باڵا لە پاش كۆرۆنا

Kurd24

پەتای کۆرۆنا لە پاش تەشەنەکردنی لە باشوری کوردستان، کاریگەریگەلێکی فراوانی خستە سەر گشت کایەکانی ژیان، بە تایبەت کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا. ئەم پەتایە زەرەر و زیانێکی گەورەی خستە سەر باری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەوە و کوردستانی خستە ناو قەیران و دۆخێکی ناجێگیردا و گەورەترین زیانی گەیاندە کەرتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، چونکە قوتابیان پشکی پتری پێکهاتەی خەڵکی کوردستانن.

پێویستە لە خۆمان بپرسین ئایا  ئێمە وەکو خوێندنی باڵا و پەروەردە ئامادەسازیی سەرەتاییمانمان هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە یان نا؟ ئایا ئەو ڕێکارانەی کە گرتمانە بەر سەرکەوتوو بوون یان نا؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بێگومان پێویستیی بە شیکارییەکی فراوانتر و ئاکادیمییانە هەیە و پێویستە بە پێی تواناکان و هەلومەرجی ئێستا، هەڵسەنگاندنێکی جیدیی و مەعریفیی بۆ بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باشتر ئامادە بین بۆ هەر گریمانەیەکی هاوشێوەی كۆرۆنا.

لەم کورتە بابەتەدا هەوڵم داوە هەندێ لە ئاریشە و ئاستەنگەکان دەستنیشان بکەم بۆئەوەی لە داهاتوودا چارەسەری گونجاومان هەبێ بۆ ئەو چەشنە قەیرانانە. هەندێکیان بریتین لە:

-  ناجێگیریی سەقامگیریی سیاسی و تێکەڵکردن و بە سیاسی کردنی خوێندن. وێڕای سەرجەم ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکانی بەشداری حکومەت و ئۆپۆزیسیون و نوخبەی سیاسی و ئاکادیمی و رۆشنبیریی، ناتەبایییەکی زەق بەرچاو دەکەوت؛ لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە دەبوایە هەموویان لە بەرژەوه‌ندی گشتی کاریان بکردبا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە بە کەمترین زیان.

هەرچەند بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و تیمەکەی و وەزیری پەروەردە بە تەبایی و بێ جیاوازی رۆڵێکی زۆر ئەرێینیان گێڕاو و زۆر پرۆفێشناڵانە و واقعبینانەوە هاتنە مەیدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی خوێندن، بەڵام بێگومان هەندێ لە سیاسەتمەدارە بێ  ئەزموونەکان، پتر پۆپۆلیستییانە و ناشارەزایانە کاریان کرد و لە ئەنجامدا خوێندنی باڵا و پەروەردە ناچار بوون ئەم بڕیارانە بدەن، هەرچەند کە دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئاستی جیاوازدان و پێودانگەکانی هەڵسەنگاندنیان جیاوازن و لە نێوان خراپ و خراپترو دیاربوو بە پێی ئامادەیی و ئیمکانیاتەکانیان باشترین چارەسەر بووە.

-  دیار کەوت عەقڵیەتی کلاسیک هێشتا لە ناو سەرکردە و نوخبەی ئاکادیمی بەرجەستەیە و دەگمەنن  ئەوانەی بە بەردەوامی باسی نوێگه‌رایی و نوێبوونەوە بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەن یانیش بەس بە ڕواڵەتە.

بۆیە لە ئاستێکی بەرز بەربەستی زۆر کرا لە ئامادەکاری و بەردەوامبون بۆ خوێندنی ئۆنلاین چ بە شێوازی زیندوو یانیش تۆمارکراو؛ لە کاتێکدا پێویستە بە پێی تواناکانی خۆمان پلان و ستراتیژیەتی کورت مەودا و دورمەودای کاریگەرمان هەبێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و ئامادەسازیی بکەین بۆ پێشهاتەکانی داهاتووش.

- ئەم پەتایە دەریخست پێداویستیی سەرکردەی ئاکادیمی و تەکنۆکرات لە ناو زانکۆکان کە لە ئاست پێداویستیەکانی ئەمڕۆ بن و گۆڕانکاریی رادیکاڵی لە هەیکەلی بیروکراسیی ئاکادیمی بکەن زەرورەتێکی حاشاهەڵنەگرە و وڵاتەکەمان پێویستی بە سەرکردەی ئاکادیمی نەترس و بڕیاردەرە کە دوور لە کەشێکی پۆپۆلیستی و کاریگەری حزبی، تەنێ بەرژەوه‌ندیی گشتی لە بەرچاو بگرێ و بڕیاری چارەنووسساز بۆ دواڕوژی قوتابییان بدات.

-  ئەم پەتایە تەجروبەیەکی تاڵ بوو بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی ئامادەیی زانکۆکانی هەرێم بۆ پێشوازیکردن لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیارکەوت زۆربەی زانکۆ حکومیی و ئەهلییەکان لە ئاست پێداویستییەکانی تەکنولۆجیای سەردەم نین و ئەو راستیە تاڵەمان بۆ ئاشکرا بوو کە زۆرینەی ژێرخانە ئاکادیمی و تەکنۆلۆجیاکانی زانکۆکانمان لە کوردستان لەگەڵ ستافی ئاکادیمی و تەکنیکی و هونەری و به‌ڕێوەبەرایەتیی زانکۆکانمان پێویستییان بە نوێکردنەوە و تازەگەری هەیە.

- دەریخست کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستاکانمان هێشتا لە سەدەی رابردوو دەژین و دوورەپەرێزبوونە لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای سەردەم بۆ بەرەوپێش بردنی ئاستی مەعریفی و زانستی خۆیان بە رادەیەک کە هەندێ لە مامۆستاکان ناتوانن کۆمپیوتەر و پرۆگرامەکانی بە کار بهێنن و نامۆن بەم جیهانە تازەیەی خوێندنی ئۆنلاین.

ئەمەش کۆسپێکی گەورەی دروستکردیە لە نێوان قوتابیان و مامۆستایان و بێگومان کاریگەریی نەرێنیشی هەبووە لە پێگەیاندنی قوتابیان.

- ئاستنزمی بواری زانستی و تەکنۆلۆجیای قوتابیان و نەشارەزاییان لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری، کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەستە بە مەنهەج و سیستمی خوێندنی سەرەتایی و ناواقیعی بوونی سیستمی هەنووکەیی پەروەردە. راستییەکی تری تاڵ ئاشکرا بوو کە لەناو سیستمی پەروەردەش دا بۆشاییەکی گەورەی زانستی و مەعریفی بەدی دەکرێ بۆ ئەو قوتابیانەی کە گەرەکیانە لە زانکۆ بەردەوام بن لە خوێندن. پێویستە بە پراکتیک کار بکرێ بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە و ئاستی پەروەردە بگەیێندرێتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی قوتابیان لە زانکۆکان دووچاری کێشە نەبن.

- پێویستە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی مەیدانی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە فراوانتر بکرێ و ستراتیژیەتێکی یەکانگیر دابڕێژرێ و گۆڕانکارییەکان هاوتەریب بن لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەزمونێکی ئاکادمییانەی سەردەمییانە بۆ قوتابیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاری کار لە خوێندنی سەرەتایی یەوە تا دواقۆناغی خوێندنی زانکۆ. (لەم قەیرانەدا سەرەڕای جیاوازیی سیاسیی، هەماهەنگی وهاوکاریی باش و پرۆفێشناڵ لە نێوان وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیران بەدی کرا کە جێیی دەستخوشییە).

-لە زانکۆکانیش پێویستە بنەمای ژێرخانی ئەلیکترۆنی بکرێتە مەرج لە پێدانی مۆڵەت و بەش و بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردنی زانکۆکان. ئەگەر زانکۆیەک ژێرخانێکی پتەوی ئەلیکترۆنی نەبێ چۆن دەتوانێ لە ئاست نیازەکانی قوتابیان و بازاڕی کار دابێ و قوتابی پێبگەینێ؟ زانکۆیەک کە خۆی دوور و نامۆ بێ لە بەڕێوەبەرایەتی و سیستم و کولتوری سەردەمیانەی ئاکادیمی چۆن دەتوانێ قوتابیان ئاشنا بکات بە جیهانێکی نوێ و پڕ لە گۆڕانکاری خێرای تەکنۆلۆجیا و بازاڕی کاری پڕ لە رکابەرایەتی!؟