هاوپەیمانیێتییەکی نوێ بۆ پشتگیریکردن لە کازمی لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنرێت

لە پەرلەمانتارانی: شیعە، سوننە و فراکسیۆنە بچووکەکان پێکدێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا بەشی زۆرى فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە کابینەکەی مستەفا کازمی داوە، 50 پەرلەمانتار دەیانەوێت هاوپەیمانیێتییەک بۆ پشتگیریکردن لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێکبهێنن.

هاوپەیمانییە نوێیەکە لە پەرلەمانتارانی: شیعە، سوننە و فراکسیۆنە بچووکەکان پێکدێت. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات "جارێ دیارنییە ئەم هاوپەیمانییە، مەبەستی چاکسازییە یان بۆ مەبەستێکی سیاسییە، بەڵام وەک فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەوان گفتوگۆ لەبارەی ئەم بابەتەوە دەکەن".

شارەزایانی یاسايی و دەستووری دەڵێن بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەکی پەرلەمانی، ئاساییە و دژی دەستوور نییە، بەڵام پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو ھۆڵی پەرلەمان نابێتە بنەماى دەرکردنی ھیچ یاسایەک، چونكه لەنێو ھۆڵی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ زۆرینەی دەنگ دەکرێت.

بەشێکی شارەزایان پێیان وایە پێکهێنانی هاوپەیمانی پەرلەمانی، ئێستا تەنھا بۆ ئەوەیە مستەفا کازمی بەدەردی عادل عەبدولمەهدی نەچێت، ئەگەرنا ئەمە زیاتر پشتگیرییەکی ساسییە نەک یاسایی، بەشێکی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە بچووک و کوتلە شیعەکانيش لە پەرلەمانی عێراق، رەزامەندیان دەربڕیوە هاوپەیمانییەک لەنێو خۆیاندا پێکبێنن بۆ پشتگیریکردن لە کازمی.

 

هـ.ر.