مه‌سرور بارزانی: ئه‌وانه‌ی هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بن رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كابینه‌ی حكومه‌تدا رایگه‌یاند، بەداخەوە خەڵکێك دەیەوێت ته‌ندروستی خه‌ڵك به سیاسیی بکات، گومانیان له بوونی مەترسییەکانی كۆرۆنا دروستکردووە، هانی خەڵک دەدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن، بۆیە ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: " حکومەتی هەرێم کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێك بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان. هیچ کەمتەرخەرمییەکی لەم رووەوە نەکردووە. ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە".
روونیشیكرده‌وه، "ئێستا بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە سەر خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتییان و کۆمەڵگە".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژەی بە زیادبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکان کرد.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، "بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد. هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ تووشبووان خواست".
سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوونی هاووڵاتیانیش به رێنماییه‌كان، سه‌رۆكی حكومه‌ت "سوپاسی پابەندبوونی هاووڵاتییانی بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان کرد".
ئه‌م گوتانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له به‌رایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا هاتن، كه به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی و ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پرسی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێكرا.
گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا بڕیاره له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستپێبكات و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شدار ده‌بێت له گفتوگۆكاندا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی حكومه‌تدا بڕیار درا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم بێت لەو گفتوگۆیانه‌دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سەرۆكى ئه‌نجوومه‌نی وەزیران راپۆرتێکی له بارەی وردەکارییەکانی دانوستانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو.
جێگری سەرۆكى ئه‌نجوومه‌نی وەزیران, قوباد تاڵه‌بانی له میانی وته‌كانیدا، رايگه‌یاند، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق بەردەوام دەبێت به مه‌به‌ستی چارەسەکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت و دارایی لە سەر بنەمای دەستوور.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، راپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازی سەبارەت بە بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو، کە تا ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە و رێکار و میکانیزمی پێویست و پەیڕەوی جێبەجێکردنی دەرچووە.
له دوا ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دوو پڕۆژه یاسای په‌سند كردن، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێن. ئه‌وانیش پڕۆژه یاسای "ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان" و "لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان"ن.