چوون بەدەم هاواری باوکیانەوە و هەر سێکیان کوژران

سێ برا پێکەوە دەکوژرێن

K24 - گەرمیان:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گوندی ئیسڵاحی سەر بە شارەدێی گوڵاڵە، تیرۆرستانی داعش، سێ برا و باوکێک دەکوژن.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی کوڵەجۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەسێک لەکاتی چوونی بۆ سەر باخەکەی، دەبێتە شەڕی لەگەڵ چەند چەکدارێکی داعش و بریندار دەکرێ، کەسەکە پەیوەندی بە کوڕەکانییەوە دەکات تاوەکو بەهانایەوە بچن.

لە باسکردنی رووداوەکە، سەرچاوەکە گووتی، کاتێک سێ کوڕەکە چوون بەدەم هاواری باوکییانەوە، چەکدارەکان بۆسەیان بۆ داناون و هەر سێکیان کوشتوون.

پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند، باوکەکەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و هەموو ئەو کەسانەشی کوژراون، عەرەبن.

چەند جارێک چەکدارانی داعش و چەکدارانی نەناسراوە هێرشیانکردووەتەوە سەر جووتیاران و هێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە، ئەمەش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستا لەو ناوچانە هەن.