په‌رله‌مانی توركیا دوو په‌رله‌مانتاری كوردی له‌ مافی ئه‌ندامێتی بێبه‌ش كرد

په‌رله‌مانتارێكی جه‌هه‌په‌ش ده‌ركرا

K24 – هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی توركیا، سێ په‌رله‌مانتاری له‌ مافی ئه‌ندامێتی داماڵی، كه‌ دووانیان كورد و سێیه‌میان ئه‌ندامی پارتی گه‌لی كۆماری به‌رهه‌ڵستكاری توركیایه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (4ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020)، په‌رله‌مانی توركیا بڕیاری دا، هه‌ریه‌ك له‌ له‌یلا گوڤه‌ن، موسا فارس ئوگوللاری له‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و ئه‌نیس بربرئۆغڵۆ له‌ پارتی گه‌لی كۆماری به‌رهه‌ڵستكار له‌ سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازه‌كانی په‌رله‌مانتاری دابماڵێت.

ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی توركیا، دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌، ئیدانه‌ی "بربر ئۆغلۆ"ی كردبوو، به‌وه‌ی نهێنی حكومه‌تی دركاندووه‌ و هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی دیكه‌ی پارتی دیموكراتی گه‌لانیش به‌وه‌ تۆمه‌تباركراون، هاوسۆزیان بۆ رێكخراوی "تیرۆریستی" هه‌یه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، "كه‌مال كلیچدارئۆغڵۆ"، رێبه‌ری پارتی گه‌لی كۆماری توركیا له‌ رێی تویته‌ره‌وه‌ نووسیویه‌تی: ئه‌و بڕیاره‌ چاوداخستنه‌ له‌ ئاست ئیراده‌ی نیشتمانی و ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی دیموكراتیانه‌مان بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ری و گه‌یشتن به‌ مافه‌كان و جێبه‌جێكردنی یاسا به‌رده‌وام ده‌بین.

هه‌روه‌ها "ساروهان ئۆلوج"، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌ په‌رله‌مان پێشكه‌شیكرد، گوتی: ئه‌و بڕیاره‌ پێشێلكاری و دزینی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران و هاووڵاتیانی كورده‌.

پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا و حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌، به‌رده‌وام پارتی دیموكراتی گه‌لان، به‌ هاوسۆزی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) تۆمه‌تبار ده‌كات و تۆمه‌تی پشتیوانیكردنی "تیرۆر"ی ده‌خاته‌ پاڵ.

پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌ لایه‌ن توركیا، ئه‌مه‌ریكا، وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ رێكخراوێكی "تیرۆریست" ناوزه‌د كراوه‌ و پارتی دیموكراتی گه‌لانیش، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ (په‌كه‌كه‌)ه‌وه‌ هه‌بێت.

پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، (291) ئه‌ندامی له‌ په‌رله‌مانی توركیا هه‌یه‌. پارتی دیموكراتی گه‌لان، (58) په‌رله‌مانتاری هه‌یه‌ و پارتی گه‌لی كۆماری به‌رهه‌ڵستكاری توركیا (138) ئه‌ندامی هه‌یه‌ و كۆی گشتی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی توركیا، (600) كورسییه‌.