تویته‌ر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی تره‌مپی سڕییه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ئیداره‌ی تویته‌ر، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپی سڕییه‌وه، كه له باره‌ی كوشتنی هاووڵاتییه‌كی ره‌شپێست له لایه‌ن پۆلیسی وڵاته‌كه‌یه‌وه بڵاویكردبوویه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه، نووسینگه‌ی تره‌مپ، بۆ هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاند، توته‌ر چاودێری خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، كه له باره‌ی كاره‌ساتی كوژرانی جۆرج فلۆید، بڵاویكردبوویه‌وه و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، ره‌تیانكردبوویه‌وه، رووماڵی په‌یامه‌كه بكه‌ن.
ئه‌ندرۆ كلارك، گوته‌بێژی نووسینگه‌ی تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردن، گوتی: ئه‌و رووداوه ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه، كه ئیداره‌ی تویته‌ر به گوێره‌ی تێڕوانین و روانگه‌ی خۆیان رێسا داده‌نێن.
گوتیشی: ئیداره‌ی تویته‌ر، تا ئێستا نه‌یتوانیوه راڤه‌یه‌كی درووست بۆ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی بخاته‌ڕوو.
له‌و باره‌یه‌وه كۆمپانیای تویته‌ر رایگه‌یاندووه، سڕینه‌وه‌ی گرته‌كه‌ی تره‌مپ، له 3ی ئه‌م مانگه‌دا وه‌ڵامێك بووه بۆ نامه‌ی كه‌سێك كه مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌كه‌ی هه‌بووه.
له گرته ڤیدیۆكه‌دا، دۆناڵد تره‌مپ هۆشداری دابوو له مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری توندوتیژی و پشێوی له لایه‌ن گرووپ و كۆمه‌ڵه چه‌پڕه‌وه توندڕه‌وه‌كانه‌وه.