ههڵگورد جوندیانی: پێویست بووNRT دابخرێت
K24 - ههولێر:
وەزارەتی رۆشنبیری رایگهیاند، کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" بە دەر لە یاسا و رێنماییەکان کار دەکات و ئاراستەیەکی ھەڵە لە کارکردن پەیڕەو دەکات کە تەندروستی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری لە بەیاننامەیەکدا ئاگاداری کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" کردهوە، کە پابەندبێت بە پرەنسیپ و رێنماییەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: لە کاتێکدا حكومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگای لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە و بە مەبەستی پاراستی ھاووڵاتیان لە زیاتر تەشەنەکردنی پەتاکە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی داوە، بەڵام تێبینی ئەوەمان کردووە، کە کەناڵەکەتان دوور لە پڕەنسیپە گشتییەکان و بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان كاردەکەن.
وهزارهتهكه، کەناڵەکەش ئاگاداردەکاتەوە ئاراستەی سیاسهتی ئیشکردنیان بگۆڕن ئەگەرنا رووبەڕووی سزای یاسايی دەبنەوە.
ههڵگورد جوندیانی، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی رۆشنبیری لهو بارهیهوه رایگهیاند، پێویستە سنوور بۆ کەناڵی ئێن ئاڕتی دابنرێت، ئەگەر نا کارەساتی تەندروستی دەخوڵَقێنێت.
گوتیشی: دەبوایە وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵەکە دابخات لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کەناڵەکە کردوویهتى.
بە پێی ئاگادارکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" بووهتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان ساردبکاتەوە لە خۆپارێزی تەندروستی و بووهتە ھۆی تێکدانی ئاسایشی تەندروستی گشتی ھەروەھا پێشێلی رێنمايی ژمارە یەکی ساڵی 2014ی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە بەتایبەتتر مادەی سێ بڕگەی سێیەم و لە خاڵی یەکەم و دوەمدا بە دیاری کراوی باس لەوە دەکات نابێت ھیچ کەناڵێکی میدیايی زیان بگەیەنێت بە بەرژەوەندی گشتی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماييه کارپێکراوەکان و دوربکەوێتەوە لە تێکدانی ئاسایش کۆمەڵایەتی.
ھەر کەناڵێکی راگەیاندنیش پێشێلی ئەم بڕیار و رێنماییانە بکا ئەوە بەپێی یاسا کەناڵهكه به داخستنی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر تا ھەفتەیەک سزا دەدرێت.