ھۆشداری لە هەرەسهێنانی کەرتی تەندروستی عێراق دەدرێت

"ئێستا قەدەغەی ھاتووچۆ سوودی نییە"

K24 - ھەولێر

سەرۆکی شانەی قەیرانی کۆرۆنا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆشداری لە ھەرەسھێنانێ سیستمی تەندروستی عێراق دەدات و دەشڵێت "تازە قەدەغەی هاتووچۆ سوودی نییە".

حەسەن کەعبی، سەرۆکی شانەی قەیرانی کۆرۆنا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "ئێستا قەدەغەی هاتووچۆ سوودی نییە و خەریکە سیستمی تەندروستی لە وڵات هەرەس دێنێت".

کەعبی، کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشە داوایکردووە، شوێنی دیکە بۆ لەخۆگرتنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەبکرێت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانیشی، بۆ پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی گەڕاندەوە.

لەلایەكی دیكە و پەیوەست بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعى باڵاى شیعەکانی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەم رۆژە سەختانەدا کە کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەتایبەتى لە بەغدا، جارێکى تر داوا لە هاووڵاتییان دەکەین زیاتر ئاگاداربن و پابەندی رێوشوێنە خۆپارێزییەکان بن، هەروەها خۆیان لە تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانى دیکە بەدووربگرن و دەمامک و دەستکێش بەکاربێنن.

جەختیش لەسەر پابەندبوونى تووند بەو رێوشوێنانە کراوەتەوە، کە دەبێتە هۆى سنووردارکردنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.