باشترین یاریزانی مێژوو كێیه‌؟

6 خاڵ بۆ سه‌لماندنی باشترین یاریزانی مێژوو

لە نێو هەوادارانی تۆپی پێ دا بەردەوام مشتومڕی ده‌ستنیشانكردنی بابەتی باشترین یاریزانی مێژوو ده‌كه‌ن، دەتوانین بڵێین هەرچی لەو بارەیەوە دەگووترێ ناتوانێ نەک کۆدەنگی تەواو بەڵکو کۆدەنگی نیوەی بینەری ئەو یارییە بە دەستبهێنێت، بەڵام لێرەدا به‌پشبه‌ستن چەند خاڵێک دەیسەلمێنین ئەستەمە کەسێک بتوانێت باشترین یاریزانی مێژوو دەستنیشان بکات، بەڵکو ئەوەی دەگوترێت زیاتر لە ئەنجامی سۆز و خۆشەویستیە بۆ یاریزانێک، یاخود سەرسام بوونە پێی.

یەکەم: خاڵە سادەکە ئەوەیە هیچ کەسێک هەموو مێژووی تۆپی پێی نەبینیوە، ئەوە خاڵێکە زۆر بە ئاسانی هەموو بۆ چوونەکان ڕەت دەکاتەوە.

دووەم: جیاوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین بۆ تۆپی پێ لە نێوان یاریزانانی ئێستا و ڕابردوو دا، واتە یاریزانانی ڕابردوو ئامانجەکانیان زۆر جیاوازبوون لە یاریزانانی ئێستا، بۆیە لە هەندێ شت دا کۆنەکان باشترن، وە لە هەندێ شت دا یاریزانانی ئێستا، بۆیە لەم لایەنەوە له‌ ڕووی به‌راوردكارییه‌وه‌ تووشی گرفت ده‌بین.

سێیەم: گۆڕانکاری زۆر لە تاکیتیک دا، جاران ئەرکە گرانەکە لە ئەستۆی یاریزانان بوو، یاریزانان زیاتر بە تواناو کارامەی خۆیان نازناوەکانیان بە دەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا تاکتیکی ڕاهێنەر زاڵە بەسەر یاریزان و تیپ دا، بۆیە لە تۆپی پێی نوێ دا زۆرجار یاریزانێکی ئاسایی وەک پاڵەوان دەردەکەوێت، کە ئەوەش زیاتر بەهۆی تیپەکەی و ڕاهێنەرەکەیەتی، بەڵام لەکۆندا زۆر قورس بووە یاریزانێکی ئاسایی لە ڕووی توانای هونەرییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەستێرە بتوانێت جێگای خۆی بکاتەوە، بەرکەوتنەکان ڕاستەوخۆ یاریزان بۆ یاریزان بووە، بەڵام ئێستا تیپ بە کۆمەڵ هێرش دەبەن و بە کۆمەڵیش بەرگری دەکەن، ئەمەش لە لایەنی بەرگری و هێرشبەری خزمەتی یاریزانانی ئێستای کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی یاریزانی تاکتیکین، بەڵام جوڵە و نمایشی هونەری تاکەکەسی کەمکردۆتەوە.

چوارەم: خەڵاتە تاکییەکان تەنها پێوەرێکن ناتوانین بەپێی ئەو خەڵاتانە باشترین یاریزان دەستنیشان بکەین، چونکە زۆربەی خەڵاتەکان تازە دامەزراون، جگە لە تۆپی ئاڵتونی، کە ئەویش لە 2007ـه‌وە تایبەتە بە باشترین یاریزانی هەموو جیهان، پێشتر هەتا ساڵی 1995 تەنها دەدرا بە یاریزانانی ئەوروپی، بەڵام دوای 1995 ئەو یاریزانانەش بۆیان هەبوو خەڵاتەکە ببەنەوە کە ئەوروپی نین، بەڵام لە خولە ئەوروپیەکان یاری دەکەن، بەڵام لە 2007ـه‌وە خەڵاتەکە کرا بە جیهانی، لەو کاتەوە خەڵاتەکە جیهانیە و بۆ هەموو کیشوەرەکانە، ئاستی ڕکابەرەکان بۆ خەڵاتە تاکیەکان لە ساڵێک بۆ ساڵێک یان سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر جیاوازە، بۆ نمونە زۆرجار باشترین یاریزانی ساڵێک کە تۆپی ئاڵتونی دەباتەوە ئەگەر بەراورد بە پاڵێوراوانی ساڵێکی تر بکەین، لەوانەیە کە ئەو یاریزانە لە هەمان ساڵدا ئەو ئاستەی هەبووایە تەنانەت ناویشی لە گەڵ پاڵێوراوەکان نەبوایە، بەڵام بەم ئاستەی لەو ساڵەدا توانیویەتی تۆپی ئاڵتونی بباتەوە، لەبەرئەوەی لەو ساڵە ئاستی ڕکابەرەکان بە گشتی وەک پێویست نەبووە، بۆ نمونە تێری هێنری، ماڵدینی، دێل پیرۆ، ئیبراهیمۆڤیچ و باتیستۆتا وچەندین یاریزانی تر ئەم خەڵاتەیان نییە، بەڵام مۆدریچ هەیەتی! بۆیە لێرەدا مەرج نییە ئەوەی زۆرترین خەڵاتی هەبوو ئەو باشترین بێت، ئەوە جگە لەوەی ئەم خەڵاتانە بە ڕێگەیەکی نا زانستی و بەبێ بوونی پێوەری دیاریکراو دابەش دەکرێن و چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەرە.

پێنجەم: جاران تۆپی پێ تەنها یارییەکە بوو، لایەنی بازرگانی لاوازبوو، بەڵام لە ئێستادا لایەنی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرفراوان هاتۆتە ناو یارییەکەوە، ئەوەش چێژی یارییەکەی کەمکردۆتەوە، چونکە زۆرێک لە یاریزانان بە دوای پارەوەن، ئەوەش گۆڕانگاری گەورەی لە نێوان تۆپی پێی ئێستا و ڕابردوودا دروستکردووە، لە ئێستادا هەندێ شت زیاتر بە لایەنە بازرگانیەکە دەکرێت، نەوەکو وەرزشیەکە.

شەشەم: گریمان ئەگەر بێت و هەموو پێوەرێکی ورد دابنێین بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزان، لێرەشدا هەر ناتوانین بە تەواوی بڵێین کێ باشترینە، چونکە لە کۆتاییدا تۆپی پێ یارییەکی بە کۆمەڵە و دەوروبەر کاریگەری تەواوی لەسەر یاریزان هەیە، هەندێ کات یاریزان دەبێتە  قوربانی تیپ، هەندێ کات بەهۆی تیپەوە نازناو دەباتەوە، بەڵام ئێمە باسی ئاستی تاک دەکەین نەک تیپ.

بۆیە بە بۆچوونی من ئەمانە و چەندین هۆکاری تریش پێمان دەڵێن شتێک نییە بە ناوی باشترین یاریزانی مێژوو.

ئەحمەد هێرۆیی

ئه‌حمه‌د هێرۆیی شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ
ئه‌حمه‌د هێرۆیی شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ