عێراق ماوه‌ی راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌كانی تا كاتێكی نادیار درێژ كرده‌وه
K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانیی عێراقی ماوەی راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌کانی تا کاتێکی نادیار درێژ كرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی عێراقی رایگه‌یاند، بڕیاریان داوه ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سه‌رجه‌م فڕۆکه‌خانه‌کانی عێراق تا کاتێکی نادیار درێژ كرده‌وه.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، بڕیاره‌که گه‌شتی فڕۆکه‌کانی مانگى سوور، سەربازى، يارمەتییە تەندروستييەكان، فریاگوزاری و بارهه‌ڵگر(کارگۆ) ناگرێته‌وه.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره به‌هۆی مەترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگریكردنه له ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری په‌تاكه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ته‌نیا له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا عێراق تووشبوونی 1252 كه‌س و مردنی 33 كه‌سی دیكه‌ی به ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یاند، كه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه تا ئێستا، ئه‌مه زۆرترین ژماره‌ی مردن و تووشبوونه له عێراق رابگه‌یه‌ندرێت.
H.B