ئۆپێک داوا لە عێراق دەکات بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە

پێشتر پابەندی بڕیارەکە نەببوو

K24 - هەولێر

ئۆپێک داوا لە عێراق دەکات لەمانگی تەممووز تاوەکو ئەیلوولی ئەمساڵ بەرھەمھێنانی نەوتی خۆی زۆر کەم بکاتەوە.

وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کە لەلایەن سعودیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت، دوێنی (شەممە، 6-6-2020) کۆبوونەوە و بڕیاریان دا درێژە بە بڕیاری پێشوویان بدەن کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

وڵاتانی بەشداری کۆبوونەوەکە داوایان کرد: ھەریەک لە عێراق و نایجیریا کە مانگی پێنج و شەشی ئەمساڵ پابەند بە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نەبوون، بۆ سێ مانگی داهاتوو، زیاتر لە وڵاتانی دیکە بەرھەمھێنانی نەوتی خۆیان کەمبکەنەوە.

لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان بەرەبەرە رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ ئاسان دەکەن، کە ناچاربوون بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندی پەتای کۆرۆنا پەیڕەوی بکەن، جوڵە دەکەوێتەوە بازاڕ، بەم ھەنگاوەش نرخی نەوت بۆ سەرووی 40 دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەتەوە.

سعودیە، رووسیا و وڵاتانی دیکەی بەرھەمێنەری نەوت لە کۆبوونەوەکە رێککەوتن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە لە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوامبن، بەپێی رێککەوتنەکەشیان هەموو وڵاتەکان رۆژانە تێکڕای نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکەنەوە، ئامانج لەو بڕیارەش بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە بۆ سەرووی 50 دۆلاری ئەمریکی.

 

هـ.ر.