لە بەرازیل هەوڵی ئاساییکردنەوەی ژیان دەدرێت

بەرازیل لە پلەی دووەمە لەڕووی زۆریی ژمارەی مردن بە کۆرۆنا

K24 - هەولێر

سەرەڕای خێرا تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ئاسان دەکرێن و ژیان بەرەبەرە ئاسایی دەکرێتەوە.

بەرازیل لە پلەی دووەمی قوربانییانی كۆرۆنادایە لە دوای ئەمریكا و، تائێستا 676 ھەزار و 494 كەس لەو وڵاتە تووشی كۆرۆنا بوون و 36 ھەزار و 44 كەسیش بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ویڵسۆن ویتزێڵ، پارێزگاری ریۆ دی جانێرۆ بەهۆی دۆخی ئابووری، بڕیاری کردنەوەی بەشێکی مۆڵەکان، باڕ، رێستۆرانتەکان، پارک و شوێنە گەشتیاری و ئاینییەکانی دا.

ریۆ دی جانێرۆ، دووەم شوێنە لەسەر ئاستی بەرازیل لەڕووی زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆنا لەدوای ساوپاولۆوە و، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار کەس لەو شارە بە پەتای کۆرۆنا گیانیایان لەدەستداوە.

ئەو شوێنانەی بڕیاری کردنەوەیان دراوە، بەڕێژەی 50% توانای خۆیان کاردەکەن و دەبێت پاکژکەرەوە دابینبکەن و رەچاوی رێنماییەکانی دوورکەوتنەوە لەیەکتر بکەن و کاتژمێرەکانی کارکردنیش کەمدەکرێنەوە.

قوتابخانەکان، هۆڵەکانی وەرزش و شانۆ لە ریۆ دی جانێرۆ بە داخراوی دەمێننەوە تاوەکو 21-7-2020.

 

هـ.ر.