بۆچی تووشبووانی ئێستای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان پێوە دیارە؟

K24 - هەولێر

زۆربەی ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانی هەولێرن، نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان هەیە، چواریشیان دۆخی تەندروستییان خراپە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ھەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان 24 ئاشکرای کرد "هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لەدوای لادانی قەدەغەی هاتووچۆ؛ پابەندنەبوونە بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، کە گرنگترینیان بەکارهێنانی ماسک، دەمامک، دوورکەوتنەوە لە شوینی قەرەباڵغ و دەستشووشتنە".

کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەزار و 324 کەسە تاوەکو ئێستا (دووشەممە، 8-6-2020)، لەو ژمارەیەش 26 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە 22 کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.

سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان د. دلۆڤان دەڵێ "بەهۆی پابەندنەبوونە بە رێنماییەکان. ئەگەر دۆخەکەش بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکەین ژمارەکە زۆر زیاد بکات، ئێستا تێبینی ئەوە دەکەین ئەگەر یەک نەخۆش وەربگرین بەرکەوتەی زۆر زیاترە لەچاو نەخۆشانی پێشوو، بۆیە ئەوەش کارێکی قورسە و ناتوانین هەموو بەرکەوتەکان دەستنیشان بکەین، چونکە لەوانەیە سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان کردبێت. ڤایرۆسەکە تەشەنەی کردووە لەنێو گەڕەکەکان و، لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر، تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە".

لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک کەس بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، لەو 387 کەسەی لە سنووری پارێزگاکە وەک تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون.

ئایا ئەو ڤایرۆسە جیاوازە لەوەی پێش سێ مانگ؟ دکتۆر دلۆڤان وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی "ڤایرۆسەکە هەمان ڤایرۆسە، بەڵام پێشتر ئێمە بەرکەوتەکانمان دەستنیشان دەکرد، لەبەرئەوە نەخۆشەکان ئەوانە نەبوون کە بە نیشانەوە سەردانی نەخۆشخانە بکەن، ئێستا بڵاوبوونەوەکەی زیاترە لە کۆمەڵگە و ئەو نەخۆشخانەی تۆماردەکرێن، ئەوانەن بە نیشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، لەبەرئەوە زۆربەی نەخۆشەکانی ئێستا نیشانەیان هەیە و ژمارەیەکی زۆریان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە".

لە هەولێر بەگشتی 140 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی و نەخۆشخانەی رزگاری هەن، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ھەولێر باس لەوە دەکات "لەو ژمارەیە زۆربەیان نیشانەیان هەیە، چواریان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، یەکێکیشیان دۆخی تەندروستیی ئەوەندە خراپە کە خراوەتە ژێر چاودێریی چڕ و بەهۆی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەناسە دەدات".

 

هـ.ر.