دوو دەنگی زوڵاڵی کورد لە شاخ (رادیۆ)

Kurd24

لە خەباتی شاخ رۆژنامەی رۆژانە، هەفتەنامە یان مانگنامە دەرنەدەچوون، گۆڤاری گەورە و بەرگ ڕەنگاوڕەنگ و قەبە و جوان نەبوون، بڵاوکراوە هەبوون، لەسەر کاغەزی A4، بە تیراژی زۆر کەم، چاپی خراپ، فۆنتی بچووک...هتد چاپدەکران. بڵاوکراوەکانی شاخ زۆربەی کات لە ئەشکەوتەکان، بە رۆنیۆ ڕادەکێشران و رۆنیۆش بەدەست کاری دەکرد. هەموو کەلوپەلەکانی چاپ زۆر سادە و سەرەتایی بوون، بەڵام کاری مەزنیان پێدەکرا، ئومێدی گەورەیان دەبەخشی و خەڵک بڕوای بە ناوەڕۆکیان دەکرد. بڵاوکراوەکانی شاخ، دەستاودەستیان دەکرد و زۆرجار تەواوی چاپکراوەکان، جارێکی دیکە لە شارەکان بەدەست دەنووسرانەوە و بەناو خەڵك بڵاودەکرانەوە.

لە ڕاگەیاندنی شاخ، رادیۆ زۆرترین بایەخی پێدەدرا، چونکە تەنیا رادیۆ رۆژانە و لەکاتی خۆی، بەرنامەکانی پەخش دەکرد، گوتار و هەواڵەکان دەماودەمیان دەکرد، وەک خۆی بێ زیاد و کەم بەگوێگر دەگەیشتن، ورەیان بەرزدەکردەوە، کوردایەتییان نوێ دەکردەوە، شۆڕشیان دەدرەوشاندەوە.

رادیۆ بەهێزترین لکی راگەیاندن بوو، بەتەواوەتی سوودی لێوەردەگیرا، چونکە شۆڕش ئیمکانیاتی نەبوو رۆژنامەی رۆژانەی هەبێت، هەڵومەرجیش لەراستیدا، بۆ دەرکردنی رۆژنامەی رۆژانە لەبار نەبوو، چونکە لەلایەک تەکنۆلۆجیای چاپ توانای دەرکردنی ئەو رۆژنامانەی بە قەبارەی گەورە و تیراژی زۆر نەبوو، لەلایەکی دیکە کاغەز و مەرەکەب و کەلوپەلی یەدەک بەئاسانی دەستنەدەکەوتن و دابینکردنیان خەرجی زۆری دەویست، بۆیە شۆڕش تەواوی قورسایی خۆی خستبووە سەر رادیۆ و رادیۆش بە زانیارییە گرنگەکان و بەدەنگی زندی پڕدەکرایەوە. بێگومان ئەو بایەخدانە بەڕادیۆ، لەناکاو و بە ڕێکەوت نەبوو، چونکە لەوکات و سەردەم، بۆشایێک لەناو جەماوەری کوردستان هەبوو، ڕادیۆی شۆڕش پری دەکردەوە.

بێبەشکردنی کورد لە رۆژنامە و گۆڤار، لە کەنالی تەلەفزیۆن، لە رادیۆی ئازد، بووە هۆی زیاتر، خەڵک گوێ لە رادیۆکانی شۆڕش ڕابگرن و بە رادیۆی خۆیان لەقەڵەم بدەن و تێنوێتی خۆیان بە رادیۆی شۆڕش بشکێنن. هەرچەندە لەلایەن ڕژێمی بەغدا لە شاری کەرکوک کەنالێکی تەلەفزیۆنی کارتۆنی ئێراقی لە 18-11-1967 رۆژانە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەرنامەی بە زمانەکانی: عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانی هەبوو، بەڵام ئەگەر لەوڵاتێک کارەبا بۆ هەموو ناوچەیەک نەچووبێ، کڕینی ئامێری تەلەفزیۆن پارەی زۆری بوێ، جگە لەوانەش، سەر بەڕژێم بێت و درۆکانی ئەوان بڵاوبکاتەوە، خەڵک لێیان بەدوور دەکەوتنەوە و بە کەنالی خۆیان لەقەڵەم نەدەدا. تەلەفزیۆنی کەرکوک، تەلەفزیۆنێکی ئێراقی عەرەبی بوو، رۆژانە کەمێک بەرنامەی بە کوردی بۆ گەیاندنی پەیامی ڕژێم بە کورد دەگەیاند، بە دوور و نزیک باسی لە کوردایەتی و خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە نەدەکرد.

لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد، دوو ئێزگە لە دوو قۆناغی جیا و لەدوای یەکتر، زۆرترین گوێگریان هەبوو. ئەوان پەیامی هەق و دەنگی شۆڕشیان بە گوێگرانی خۆیان دەگەیاند.

ئێزگەی یەکەم: (رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێراق) یەکەم رادیۆی کوردییە، دوای رادیۆی کۆماری کوردستان، (10ی نیسانی 1946لە مەهاباد کرایەوە)، کە بە ئازادی و دوور لە رەقابە، چالاکییەکانی پێشمەرگە و شۆڕشی بە گوێگرانی دەگەیاند.

یەکەم پەخشی ئێزگەی (دەنگی کوردستانی ئێراق) لە 28ىئەیلولی 1963لە ئەشکەوتی گردەڕەش دەستیپێکرد. ئەم ئێزگە کوردییە لە سەرەتا رۆژانە یەک کاتژمێر و نیو بە هەردووک زمانی کوردی و عەرەبی بەرنامەکانی پەخش دەکرد. حەبیب موحەمەد کەریم، ساڵح حەیدەری، سامی عەبدولڕەحمان، عومەر دزەیی، حوسێن قەرەداغی، بورهان قانع، بارزان مەلا خالید، شێرکۆ بێکەس، مەهدی ئومێد، فەلەکەدین کاکەیی، هەژار موکریانی...هتد، هەروەها لایەنی تەکنیکی ئەمجەد عەبدولواحید و عەبدولخالق مەعروف، ئەحمەد دەشتی، مستەفا رابەر بەڕێوەیان دەبرد. ئێزگەی (دەنگی کوردستانی ئێراق) گوێگری یەکجار زۆربوو، هەرچەندە دەنگی بە سافی نەدەگەیشت، چونکە رژێمی بەغدا تەشویشی خستبووە سەر، لەگەڵ ئەوەش خەڵک ئاگاداری کاتی کردنەوەی بوون و گوێیان لە هەواڵ و دەنگوباس و گوتارەکان دەگرت. بە تێکچوونی شۆڕشی ئەیلول، ئەم ئێزگەیە لە 24ى ئازاری 1975 لە نزیک ناوپردان دەنگی کوژایەوە و پەخشی راگیرا.

ئێزگەیەکی دووەم: لە قۆناغێکی دیکەی کوردایەتی بەناوی: (دەنگی گەلی كوردستان)، کە پێشتر بەناوی: (دەنگی شۆڕشی عێراق) لە 21ى ئازاری 1979 یەکەم بەرنامەی خۆی پەخش کرد. ئەم ئێزگەیە. لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوە دەبردرا و لەگەڵ کات کادری زۆر بەتوانا بەشدارییان لەبەڕێوەبردنی كرد لەوانە: ئەرسەلان بایز، یوسف زۆزانی، وشیار عابید، تەلعەت گلی، حاجی مەمۆ، ئەبوشەهابی عەرەب، ئازاد چالاك، هەڤاڵ كوێستانی، فەرید ئەسەسەرد، خالید دۆسكی، شڤان ئاكرەیی...هتد.

هەموو ڕۆژێک لە دوای كاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ، بەرنامەكانی دەنگی گەلی کوردستان پەخش دەكرا و بەیانیانیش هەمان بەرنامە تەنیا یەکجار دووبارە دەکرایەوە. بەرنامەكانی رادیۆی ئەوكات، زۆربەی جار پێشتر تۆمار دەكران، بەڵام رووشی دەدا، بەشیوەی راستەوخۆ و زندی هەندێك چالاكی یان بەرنامەیان پەخش دەكرد.

رادیۆکانی شؤڕش، ئیمکانیاتی ماددییان کەم بوو، کادری راگەیاندکاری دەرچووی بەشەکانی ڕاگەیاندنی هەر لێنەبوو، بەڵام ئەوانە هیچ نەبوونە گرفت، بە ئازادی کار بکەن و جوانترین پەیامی کوردانە لە کورترین کات، بە زۆرترین جەماوەر بگەینن.

لەم دوو ئێزگەی سەرەوە، بەشێوەیەکی گشتی یەک بابەت باسی لێوەدەکرا، ئەویش کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان بوو. ئێزگەی (دەنگی کوردستانی ئێراق و رادیۆی گەلی کوردستان) مێژوویێکی زۆر جوانیان لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و مێژووی رادیۆی کوردی تۆمار کرد، کە دەبی ڕێزی لێبگیرێ، توێژینەوەی لەسەر بکرێ و بەهیچ شێوەیەک لەبیر نەکرێ... لەراستیدا دەبی جادە و شەقامیان بەناوبکرێ، بۆئەوەی بەردەوام لەسەر زاران و لەبەر چاوانبن.