گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا داوا لە هەسەدە دەکات لە حەلەب بکشێتەوە

گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، ئامادەی خۆی بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ هێزەکانی هەسەدە بۆ جێهێشتنی شاری حەلەب دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەشی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) کرد بۆ ئەوەی لە حەلەب بکشێتەوە، لە بەرانبەردا ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ جێهێشنی شارەکە لەلایەن گرووپەکانەوە دەربڕی.
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گرووپە چەکدارەکان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستی کردەوە، کە کوردەکانی سووریا بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی سووریا، هەروەها جەختی لە پابەندبوونیان بە پاراستنی هاووڵاتییانی کوردی سڤیل، لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ناوچەکانی دیکەی شارەکە و زامنکردنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان کردەوە.
پاشنیوەڕۆی هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو پارێزگای حەلەب و لەگەڵ سوپای سووریا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەورووبەری پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ کرد.