سامان ئەحمەد: ئەمڕۆ بۆنەیەکی سیاسی و یاسایی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان

دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بۆنەیەکی سیاسی و یاسایی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازیی لە کاندیدە سەرکەوتووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت: "کۆبوونەوەکە بۆ سەرجەم مێدیاکان کراوەیە، ئەو کەناڵە فەرمییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار کراوە و نزیکەی 36 کەناڵی فەرمییە، مافیان هەیە بێن و ڕووماڵی یەکەمین خولی شەشەمی پەرلەمان بکەن."
سامان ئەحمەد راشیگەیاند "هەر زوو ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک لە پەرلەمان لە چوارچێوەی کارەکانی خۆیدا کارەکانی ڕاپەراندووە، لە ڕووی تەکنیکی و هونەری، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەرلەمان لیست و ناوی ئەوکەسانەی لایە کە سەرۆک فراکسیۆن و کاندیدن؛ بە پێی ڕیزبەندی پیتی کوردی ئەندامان بانگ دەکرێن بۆ سوێند خواردن."
هەروا گوتی: "19 کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا ئامادە دەبن."
لای خۆیەوە وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "نزیکەی ساڵێک و نیوە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە؛ هەر بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دامەزراوەی یاسادانان هەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت."
دەشڵێت: "ئێمە کێشە و گرفتی زۆرمان هەیە لەگەڵ بەغدا، هەموو ئەمانە پێویستیان بە چارەسەر هەیە. باشترین چارەکردنیش دامەزارەوەی یاسادانانە، ئەویش پەرلەمانە ."