دابەزینی بەهای لیرە دۆخی هاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستانی سەختتر دەكات

بەشێکی دوکانداران بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە دوکانەکانیان لە عاموودا داخست
kurdistan24.net

K24 - عاموودا

دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار، دۆخی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی لە رۆژئاوای کوردستان سەختتر کردووە و بەشێکی فەرمانبەرانیش داوا لە حکوومەتی سووریا دەکەن، بە دۆلار مووچەکانیان پێبدات نەک لیرە.

لە شاری عامووداش بەشێکی زۆری دوکانداران بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە دوکانەکانیان داخستووە و دەشڵێن لەمەودوا بە ئەستەم دەتوانن پێداویستیەکانیان رۆژانەیان دابین بکەن.

ئەنەس عەبدولڕەحمان، یەكێكە لە كاسبكارانی بازاڕی شاری عاموودا بە كوردستان24ی گوت "ئەگەر دابەزین بەھای لیرە بەردەوام بێت، رەنگە بازاڕ و فرۆشگاكان بە تەواوی دابخرێن، ئومێد دەكەین دۆخەكە ئاسایی بێتەوە".

پێشتر خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەھۆی شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی تووشی ئاوارەیی و پەنابەری دەبوون، ئێستا بەشێكیان بەھۆی دابەزینی بەھای لێرەی سووری باس لەوەدەكەن ئەگەر دۆخی دارایی و ئابووری بەم شێوەیە بڕوات بیر لەوە دەكەنەوە روو بكەنە وڵاتانی دیكە.

بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پێكھێناوە و چەند لیژنەیەكیشی لە بازاڕەكان پێكھێناوە، بەڵام بە بڕوای بەشێك لە ھاووڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان پێكھێنانی لیژنە چارەسەری دۆخەكە ناكات.