دیارنه‌بوونی کۆرۆنا
مێژووی کێشه‌ی باوه‌ڕ به‌قه‌د مێژووی مرۆڤایه‌تیی خۆی کۆنه. هه‌تا ده‌رنه‌که‌وتنی گالیلیۆ هیچ که‌س باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو، که زه‌ویی چه‌قی گه‌ردوون نییه، هه‌تا ده‌رنه‌که‌وتنی ئالبه‌رت ئاینشتاین که‌س باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو، که کاتژمێر له هه‌موو شوێنێک وه‌ک یه‌ک ناڕوات. هه‌تا 20.07.1969که‌س باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو، که مرۆڤ بگاته سه‌ر مانگ. ده‌شێت تاوه‌کو سه‌ر شه‌قامه‌کانی باشووری کوردستانیش به لاشه نه‌ته‌نرێت، به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کوردیش باوه‌ڕ به نه‌خۆشیی کۆرۆنا نه‌که‌ن. بۆچیی خه‌ڵک ساردبۆوه له‌وه‌ی که نه‌خۆشیی کۆرۆنا به هه‌ند وه‌ربگرن؟ بۆچیی به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان ده‌ڵێن، فشه‌یه؟
شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکی فشه: له کولتووری باشووری کوردستاندا چه‌مکی فشه، وه‌ک گرنگیی پێنه‌دان وه‌رده‌گیرێت یاخود به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتن یاخود ده‌ره‌نجامێکی ناڕاست یان هه‌ڵه. هه‌روه‌کوو چۆن هه‌ندێک وشه له ئاخافتندا تاک خووی پێوه‌ده‌گرێت، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ژاریی گه‌نجینه‌ی زمانه‌وانییه‌وه، ئاوهاش فشه له به‌شێکی زۆری ئاخافتنه‌کاندا خوویه‌کی زمانه‌وانییه. بۆ نموونه ته‌نانه‌ت بێژه‌رێکی تێلێڤیزیۆنیش کاتێک خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌کی زمانه‌وانیی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، بۆ ده‌ربازبوون له گفتووگۆیه‌کی ڕه‌وان ده‌ڵێیت، بابڵێین. ئه‌م بابڵێینه دیارده‌یه‌کی کو‌لتووریی زمانه‌وانییه له باشووری کوردستاندا، که هێنده‌ی چه‌مکی فشه‌یه به‌کاردێت. له‌کاتێکدا کاتێک تاک ده‌ڵێ، بابڵێین له واتای ده‌ربڕینه‌که‌یدا ڕاستییه‌ک ڕه‌تده‌کاته‌وه.
له ئه‌وروپادا هاوشێوه‌ی فشه، چه‌مکی فیاسکۆ به‌کاردێت، لێ فیاسکۆ واتایه‌کی تری هه‌یه وه‌ک له فشه‌ی کوردیی، ئه‌مه له‌کاتێکدا چه‌ند نووسه‌رێک چه‌مکی فیاسکۆ له‌بری فشه‌ی کوردیی به‌کاردێنن. فیاسکۆ چه‌مکێکی لاتاینه و به واتای لێکه‌وته‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه دێت. ئه‌ڵمانه‌کان وشه‌ی فلاشه به‌کاردێنن، به واتای بتڵ. لێ کاتێک به که‌سێک ده‌ڵێیت بتڵ یان فلاشه، ئه‌وا مه‌به‌ستت له‌وه‌یه، که که‌سه‌که لێکه‌وته‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه. کاتێک به تاکێک ده‌ڵێیت فیاسکۆ، به واتای لێکه‌وته‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه، وه‌ک بتڵێکی سک قه‌ڵه‌و. هه‌ربۆیه زۆرجار ڕووده‌دات، کاتێک ڕه‌خنه له سیاسییه‌ک ده‌گیرێت یان له هه‌ر تاکێکی تر، به فیاسکۆ بانگ ده‌کرێت، لێ فشه و فشه‌که‌ری کوردیی خاوه‌نی واتایه‌کی ترن و له کولتوورێکی تره‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه.
کێ ده‌ڵێ فشه‌یه؟ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ڕێگره‌سیۆنه، ڕێگره‌سیۆن قۆناغی پێش تووڕه‌بوونه، لێره‌دا تاک هه‌وڵی ئارامکردنه‌وه‌ی خۆی ده‌دات، هه‌تاوه‌کوو له سه‌رنه‌که‌وتنێکی تووشی تووڕه‌یی و نیگه‌رانیی نه‌بێت، هه‌تاوه‌کوو له ترساندا تووشی ڕۆچوون و وره‌به‌ردان نه‌بێت. له کولتووری کوردییدا ده‌ڵێین: ڕێوی ده‌می به هه‌ڵوژه‌که ناگات، بۆیه ده‌ڵێ ترشه. ئه‌م تێڕوانینه له چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپاشدا به‌کاردێت، جیاوازیی تێیاندا هه‌ڵوژه‌که‌یه، له ئه‌وروپا ترێ به‌کاردێت و له کوردستانیش هه‌ڵوژه. ئه‌م ده‌ربڕینه له خوێندنی ده‌روونناسییدا کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت و وه‌ک ڕێگره‌سیۆن پێناسده‌کرێت.
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ فشه‌یه، به‌شێکیان ئه‌وانه‌ن، که سه‌رکه‌وتنی کوردیان به‌سه‌ر نه‌خۆشیی کۆرۆنادا، له سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی نه‌خۆشییه‌که‌وه بینی. چه‌کی گه‌وره‌ی دژ به کۆرۆنا خۆپاراستنه، به‌ڵام نزمیی ئاستی ڕۆشنبیریی ته‌ندروستیی وه‌هایکرد، که به‌شێکی زۆری هاووڵاتییان باوه‌ڕ به نه‌خۆشییه‌که نه‌که‌ن. ئێستا ئه‌گه‌ر به تاکێک بڵێت، وێڕای ئه‌وه‌ی، که تۆ ئێستا ده‌ستیشت شتووه، لێ به میلیۆنه‌ها میکرۆب له‌سه‌ر ده‌سته‌کانتن، ئه‌وا باوه‌ڕ ناکات. لێ وه‌ره به پشکنینی زانستیی بۆی بسه‌لمێنه و له‌کاتی پشکنینه‌که‌دا وێنه‌ی ده‌سته‌کانی بگره و پیشانی بده، که چه‌ند میکرۆب له‌سه‌ر ده‌سته‌کانیه‌تی، ئه‌وا باوه‌ڕ ده‌کات، چونکه به چاوی خۆی ده‌یبینێت. کێشه‌ی بینین، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی باوه‌ڕه.
ئه‌وه‌ی ئامانجێکی سیاسییشی هه‌یه ده‌ڵێ فشه‌یه. ئه‌مجۆره خه‌ڵکانی مه‌ترسییدارن و ده‌ستیان به خوێنی هه‌زاره‌ها هاووڵاتیی سوور ده‌بێت.
هه‌ندێک هه‌ن ئیمۆنن، به واتای خاوه‌نی ئه‌نتی شتۆفێکن له له‌شیاندا، خاوه‌نی ئه‌نتی ڤایروسێکن له له‌شیاندا، که له‌شیان خۆی به‌رهه‌میهێناوه، به‌شێک له‌مانه‌ش ده‌توانرێت به به‌شی فشه‌یه پۆلێنبکرێن، هه‌ربۆیه نه ئاماده‌ن خۆیان بپارێزێن و نه ئاماده‌شن کار بۆ ئه‌وه بکه‌ن، که خه‌ڵکانی تر بپارێزن. جیهان خاوه‌نی هیچ ئه‌زموونێک نه‌بوو له کۆڤید نۆزده‌دا، هه‌ربۆیه به‌شێکی ئه‌و زانیارییانه‌ی، که ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهان له جیهاندا بڵاویکرده‌وه ڕاست ده‌رنه‌چوون، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه، که پله‌ی به‌رزی گه‌رما ڤایرۆسه‌که له‌ناوده‌بات. وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و به‌ڕازیل وڵاتانی گه‌رمبوون و له سه‌ره‌تای به‌هاردا گه‌وره‌تریین زیانی گیانییان پێکه‌وت. ئێستاش له ئێراق و کوردستاندا. یاخوود ئه‌و پشکنینه خێرایانه‌ی، که بۆ هاووڵاتییان ده‌کرێت، گه‌ره‌نتیی له سه‌دا سه‌دی نییه، که ڕاست بێت. چونکه ئه‌زموون ده‌ریخست، که پشکنینه‌کان به‌هه‌ڵه‌دا چوون. به‌رکه‌وته‌کان وه‌ک نه‌خۆشی کۆرۆنا ناونووس نه‌کران، چونکه پشکنینیان بۆ کرابوو، که نییانه، لێ کاتێک خوێنیان وه‌رده‌گرن و ده‌یپشکنن، ده‌بینن، که هه‌ڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان. نوێتریین ڕووداو، دکتۆرێکی ئه‌ڵمانیی بوو، که چه‌ندیین پشکنینی بۆ خۆی کردبوو، نێگه‌تیڤ ده‌رچوو بوو، لێ دواجار پشکنینی خوێنی ده‌کات و ڤایرۆسی کۆرۆنا له خوێنی‌دا ده‌دۆزنه‌وه.
له نوێتریین خۆپیشاندانه‌کانی باشووری کوردستاندا، که نالۆگیکترین په‌رچه‌کرداری نه‌ک هاووڵاتییان بگره به‌شێک له سیاسییه‌کان بوو، چه‌نده‌ها منداڵمان به‌رچاوکه‌ت. به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهان له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه ئه‌مێریکا ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر له ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی ده‌گرن و تووڕه‌ن لێیان له ڕاست نه‌بوونی زانیارییه‌کانیان. بۆ نموونه، که کۆرۆنا ته‌نها تووشی پیره‌کان ده‌بێت. کۆرۆنا پیشانی جیهانی دا، که چه‌ند پیر ده‌کووژێت هێنده‌ش منداڵ و گه‌نج ده‌کووژێت. هه‌نووکه له چه‌ندیین وڵاتی جیهاندا، به‌تایبه‌ت فه‌ڕه‌نسا له چه‌ندیین منداڵدا به پشکنینی خوێن ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزراوه‌ته‌وه، له‌کاتێکدا منداڵه‌کان هیچ سیمپتۆمێک، هیچ نیشانه‌یه‌کی نه‌خۆشیی کۆرۆنایان پێوه دیار نه‌بووه. ئه‌م منداڵانه توانای تووشکردنی چه‌نده‌ها که‌سی تریان هه‌یه، چونکه نه‌خۆش دیارنین. لێ کاتێک تووشی ته‌شه‌نا (هه‌وکردن) ده‌بن، ده‌گه‌یه‌نرێنه نه‌خۆشخانه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردن. له نوێتریین هه‌واڵه‌کانی ته‌ندروستیی جیهاندا، فه‌ڕه‌نسا خاوه‌نی منداڵێکی زۆره، که تووشی نه‌خۆشیی کاواساکیی بوون. کاواساکیی نه‌خۆشییه‌کی ده‌گمه‌نه، نه‌خۆشیی هه‌وکردنی ئۆرگانه‌کانه. هه‌ندێک له زاناکان پێیانوایه، که نه‌خۆشییه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دره‌نگ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیستێمی به‌رگریی له‌ش، که له کاتی خۆیدا ئه‌نتی شتۆفێک به‌رهه‌مناهێنێت بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر میکرۆئۆرگانیزمه‌کاندا، ئینجا ئه‌گه‌ر به‌کتریایه یان ڤایرۆس هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. کاواساکیی به شۆکی ژه‌هراوییبوونی له‌شیش ناوده‌برێت. پشکنینه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن، که ئه‌و منداڵانه هه‌ڵگریی ڤایرۆسی کۆرۆنان و هۆکاری ژه‌هراوییبوونیان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆرنا. ئه‌م ژه‌هراوییبوونه کووشنده‌یه، ده‌شێت ئه‌گه‌ر به‌م نزیکانه له باشووری کوردستاندا ڕووبدات، ئه‌وا چ که‌سوکاری نه‌خۆشه‌که و چ هاووڵاتییانیش بڵێن، مردنی ئه‌و نه‌خۆشه هیچ په‌یوه‌ندیی به کۆرۆناوه نییه، به‌ڵکوو تووشی هه‌وکردنی ئۆرگانێکی جه‌سته‌ی ببوو.
هه‌روه‌کوو چۆن خه‌ڵکانێک نه‌خۆشیی کۆرۆنایان پێ فشه‌یه، ئاوهاش خه‌ڵکانێک هه‌ن، که نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کانیان پێ فشه‌یه. چه‌نده‌ها سیاسیی خاوه‌ن نه‌خۆشیی ده‌روونییمان هه‌یه، چه‌نده‌ها تاکی تری خاوه‌ن نه‌خۆشیی ده‌روونییمان هه‌یه و خۆیان پێ نه‌خۆش نییه. ئه‌گه‌ر بێت‌و به چه‌ندیین ئارگوومێنتی زانستییش بۆیان ڕوونبکه‌یته‌وه، که نه‌خۆشن، ئه‌وا پێیان فشه‌یه، بگره خاوه‌نی دژه ئارگوومێنتیشن و ئه‌وان تۆیان پێ نه‌خۆشه. ئه‌م خه‌ڵکانه خاوه‌نی ئه‌نۆگسۆنۆسین، واتا پێیانوایه، که نه‌خۆش نین. لێ ته‌ماشا بکه، هه‌ر له‌به‌ر نه‌خۆشبوونی ئه‌مانه، ئه‌م نیشتیمانه تووشی چه‌ند کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگیی بووه.
ئه‌م فشه‌یه له مایکرۆفۆنی په‌یامنێری که‌ناڵه‌کانی تێلێڤیزیۆنیشدا ده‌بینین. بۆ نموونه په‌یامنێرێک و کامێرامانێک، سه‌رتاپای خۆیان جوان داده‌پۆشن، کاتێک له نه‌خۆشخانه‌یه‌کدا چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشێکی کۆرۆنادا ده‌که‌ن، که‌چی ده‌بینین مایکرۆفۆنه‌کانیان ڕووت و قووته، کامێراکانیان ڕووت و قووته. کاتێک له نه‌خۆشخانه‌کان دێنه ده‌ره‌وه ده‌ست له مایکرۆفۆنه‌کانیان ده‌ده‌ن، ده‌ست له کامێراکانیان ده‌ده‌ن، به‌بێئه‌وه‌ی پێشتر پاکی بکه‌نه‌وه. ئه‌م مایکرۆفۆن و کامێرایانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنی کار، له‌وێ ده‌ستی چه‌ند په‌یامنێر و کارمه‌ندێکی تری به‌رده‌که‌وێت، به‌مشێوه‌یه له‌م نزیکانه‌دا کۆرۆنا ده‌گاته که‌ناڵه‌کانی تێلێڤیزیۆنیش.