بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی شێوازی کارکردنی دەگۆڕێت
K24 - سلێمانی
هەر هاووڵاتییەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەکات، دەبێت مەرجەکانی تەندروستی جێبەجی بکات، بەڕێوەبەرایەتییەکەش کۆرۆنای وەکو دەرفەتێک قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی چەند ئاسانکارییەک لە راییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان بکات.
لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کورسیەک نا کورسیەک دیاریکراوە تاوەکو ھاووڵاتی لەسەری دابنیشێت، لەکاتی راییکردنی مامەڵەکانیشاندا دەبێ مەتر و نیوێک نێوانیان بێت لەگەڵ ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە.
مەرجەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا تەنیا بەکارھێنانی دەمامک و دەستکێش نین، بەڵکو ھەر سەردانکەرێک دەبێ ناو بەناو لە ژوورەکانەوە بە دەستکێشەوە دەستی پاکژبکاتەوە.
سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەڵێ "پێش کۆرۆنا هەر هاووڵاتییەک کە دەهاتە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، پێویست بوو نزیکەی چوار ژوور بکات، لە هەر ژوورێک ئەفسەرێک مۆر و واژۆی خۆی لەسەر فایلەکە دەکرد، واتا دەبوو چوار ئەفسەر لە چوار ژووری جیاواز ببینێت، هەمووشی کاتی پێویست بوو و بەرکەوتن هەبوو، بەڵام لەدوای کۆرۆنا ئەو دەرفەتەمان قۆستەوە، کە هاتینەوە شێوازی کارکردنمان گۆڕی و کردمان بە سیستەمی یەک پەنجەرە".
کۆرۆنا ژمارەی سەردانکەرانی بۆ نێو بەڕ ێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی کەمکردووەتەوە، بەجۆرێک پێشتر رۆژانە نزیکەی دوو ھەزار کەس بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانیان دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە دوو سەد کەس کەمبووەتەوە.
هــ.ر.