تواناسازیی نه‌وت؟
نه‌وت، وه‌ك توانست و سۆفتپاوه‌ری ده‌وڵه‌ت و چه‌كی دانوستان و ئابوریی یه‌ده‌گ و زۆر كۆنسێپتی دیكه كارتێكی سیاسی و ئابوریی گرنگ و به سه‌نگی هه‌ر وڵات و جڤاتێكه، گه‌لان نه‌وت و ئه‌ڵماس و خێر‌و بێری ژێر زه‌وی وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره له‌به‌رانبه‌ر ناسنامه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا به‌كارده‌هێنن و لۆبی پێوه ده‌كه‌ن و ئارامی و پێشكه‌وتن و قازانجی لێ وه‌ده‌ستده‌هێنن، ته‌نانه به نه‌وته‌وه قه‌رزی درێژخایه‌ن ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخان و سه‌رخانی خۆیانی پێ قایم بكه‌ن، وه‌ك ئازه‌ربایجان و كوه‌یت و فه‌نزه‌ویلاو چه‌ندین وڵاتی دیكه.
راستیه‌كه‌ی هه‌ندێكجار نه‌وت نه‌ك بۆ كورد، به‌ڵكو بۆ زۆرێك له وڵاتانی تریش به شێوه‌یه‌كی خراپ شكاوه‌ته‌وه، به‌شێكی زۆری ئه‌و وڵاتانه‌ی كه نه‌وتین به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ناو رێكخراوی ئۆپیك، عێراق و ئێران و جه‌زائیرو ئه‌نگۆلاو لیبیا‌و نه‌یجیریا، له هه‌ژارییه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژین و نه‌یانتوانیوه سودی ته‌واو له نه‌وته‌كه‌یان وه‌ربگرن، چونكه ئه‌وان ته‌نها نه‌وت ئه‌فرۆشن و له سیاسه‌تی نه‌وتی شاره‌زانین و نه‌یانتوانیوه تواناسازیی و وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و دیبلۆماسیه‌تی ده‌ره‌كی و لۆبی پێوه بكه‌ن، ئه‌وه‌ی عه‌نته‌ریاتی هه‌یه له‌م بواره‌دا ته‌نها سعودیه‌و روسیا‌و ئه‌مریكان، كه هه‌م هه‌نارده‌ی بڕ و خستنه‌ڕوو زیاد و كه‌م ده‌كه‌ن، هه‌م ئه‌مباركردن و گلدانه‌وه ده‌زانن چییه و چۆنه.
كورد راسته ئه‌و كه‌ین و به‌ینه‌ی پێ ناكرێت وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی، وه‌لێ ده‌توانێت تواناسازیی و پیشه‌سازیی له نه‌وت و موشته‌قاته‌كانیدا بكات، سه‌ره‌تای چاكسازییه‌كی گرنگ بۆ ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم سیاسه‌تی نه‌وتییه، تواناسازیی به نه‌وته‌وه سه‌ره‌تاكه‌ی به ده‌رهێنانی نه‌وت و فرۆشتنی ده‌ستپێناكات، به‌ڵكو به دروستكردنی روانگه‌ی نه‌وتی دروست ده‌بێت كه وه‌ڵامگۆی پرسیاره‌كانی داهاتووی نه‌وت بێت و دووڕاییه‌كانی بزانرێت چۆنه و چییه، روانگه‌یه‌ك كه دووباره پێناسه‌و فۆرمۆڵه‌ی نه‌وت بۆ تاكی كورد بكاته‌وه، به‌جۆرێك دیدی گشتی له فۆڕمی پێناسه‌یه‌كی شه‌عبه‌ویی "ده‌رهێنانی نه‌وت و بردنی نه‌وت و فرۆشی نه‌وت و به‌تانكه‌ربردنی نه‌وت" بگۆڕێت بۆ تواناسازیی نه‌وتی هه‌رێم، به‌رهه‌مهێنانی بیرۆكه‌و بنیادنانی زانكۆ‌و ئینستوتی تایبه‌تی نه‌وتی بۆ هه‌رێم كه داڕێژه‌ری سیاسه‌تی نه‌وتی و بۆرسه و ئابووریی سه‌ركه‌وتوو شه‌فاف بێت بۆ ئایینده یارمه‌تیده‌ری ئه‌م دۆخه‌یه، گرنگه ئه‌و زیهنیه‌ت و ئاگاییه گشتییه بگۆڕێت كه به ناوهێنانی وشه‌ی نه‌وت، قۆرخكاری و تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌تت بیربكه‌وێته‌وه، نه‌وت خه‌ریكه له زاراوه‌یه‌كی ئابووریی ئه‌بستراكته‌وه خۆی بگۆڕێت بۆ زاراوه‌یه‌كی حزبی و ئایدۆلۆژیی و ته‌مومژاویی، په‌رله‌مان له‌بڕی سه‌رقاڵ بوون به یاساكانی نه‌وت و تواناسازیه‌كانییه‌وه، خه‌ریكی هه‌واڵ و ته‌رجومه‌ی تانكه‌ره‌كان و بازرگانه‌كانی نه‌وت و بێسه‌روبه‌رییه‌كانن، له‌كاتێكدا ئه‌مه راست نییه و حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌بێت ئه‌م چه‌مكانه ده‌ستكاریی بكه‌ن و ده‌ستكاریكردنه‌كه‌ش له رێگه‌ی میدیا و زمان و ئه‌ده‌بیاته‌وه ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له رێگه‌ی هه‌نگاوه كرده‌نیه‌كانه‌وه بكرێت كه به‌شێكی قازانجی خودی ئه‌م نه‌وته بخرێته‌وه خزمه‌تی سێكته‌ریی تواناسازیی نه‌وت و به‌ده‌زگاییكردن و راستكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه‌و په‌ڵانه‌ی كه به‌ناوی نه‌وته‌وه ناوبانگی خراپی رۆشتووه له هه‌رێمدا.
تواناسازیی نه‌وت و به‌ده‌زگاییكردنی ئه‌م سێكته‌ره، رێگه خۆشكه‌ره كوردیش به كرده‌نی بكه‌وێته ناو بۆرسه‌ی نه‌وت و چیتر بێ‌ئاگا نه‌بێت له نرخه‌كان و قه‌رزه‌كان و وه‌رچه‌رخان و به‌رزی و نزمییه‌كانی نه‌وت و جۆره‌كانی، برێنت، Brent Crud و سوك و قورس و ته‌كساس و شێڵ و گه‌مه‌كانی ئه‌مریكاو به‌تایبه‌تی ترامپ و چین كه چۆن خه‌ریكی ئه‌مباركردنی سه‌دان ملیۆن به‌رمیل نه‌وتن بۆ ئاینده‌ی خۆیان! قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن چین به كۆڤید19 نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هاوتاكرد به نرخی ماسكێكی N90! یان روسه‌كان چۆن گه‌مه‌یان به نرخه‌كانه‌وه كرد و خستنه روویان زیاد كرد بۆ زیانگه‌یاندن به ئۆپیك و سعودیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسی.
كورد ده‌بێت سه‌ره‌تا باشتره ریفۆرم له ده‌رهێنانه‌كه‌یدا بكات و ئینجا ریفۆرمی ده‌ستكه‌وت و قازانجه‌كه‌ی بكات و بزانێت چۆن خه‌رجی ده‌كات، نه‌وت كه به‌رهه‌مێكی خۆماڵی كوردییه، خه‌ریكه له‌و به‌ها ئابوریانه دوور ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌ندێك جاریش بۆ دورخستنه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی به‌كاردێ و ئه‌فرۆشرێت و نائارامی و برسێتی و قات و قڕی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و بۆته هۆكاری فه‌وزا له‌بری شكۆی نه‌ته‌وه‌یی، مادام نه‌وت بۆ بنیادنان و موچه‌و قوتی هاوڵاتیانه، پێویسته حكومه‌ت هه‌رچی زووتره بیر له‌وه بكاته‌وه ریفۆرمی تێدا بكات، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ده‌ردانی كوشنده له موچه‌و ده‌رماڵه‌و پله‌و تایتڵه وه‌زیفییه گه‌وره‌كان و میزانیه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌كرێت، رۆژانه ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وتیش هه‌ڵگۆزن و هه‌نارده‌ی بكه‌ن هێشتا قه‌یرانی بێموچه‌یی و كێشه‌كانی به‌غداد هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بن، بۆیه ئه‌ركی هه‌نوكه‌یی و پرۆژه‌ی هه‌ره ستراتیژیی ئه‌وه‌یه كه ریفۆرم بكه‌ن له داهات و قازانجی نه‌وت و دابه‌شكاریی و میكانیزمی ده‌رهێنانه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت پاره‌ی كۆمپانیاكانی هه‌ڵگۆزتنی نه‌وت ده‌ستكاری بكه‌ن و چاكسازیی تێدابكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئیمكانی هه‌یه.
زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌نه‌وت بون به ده‌وڵه‌تی ره‌سمی و خاوه‌ن پێگه‌ی گه‌وره له رۆژهه‌ڵاتی ناوین، عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌رو ئیمارات و به‌حره‌ین، له كورد چاوگه‌شتر نه‌بوون، بگره كورد جگه له نه‌وت جه‌نگاوه‌رییه‌كه‌ی و دۆزه ره‌واكه‌ی و پێگه سیاسی و جوگرافی و ژیارییه‌كه‌ی گه‌لێك زۆرتره له وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و كه‌چی نه‌یتوانیوه سودمه‌ندبێت له نه‌وت بۆ پرسی ده‌وڵه‌تداریی و پیشه‌سازیكردن به نه‌وته‌وه بۆ كیانی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت.
گۆرانی رادیكاڵیانه‌ی دونیا به‌نه‌وت و كانزا هه‌ڵده‌سوڕێ یان ده‌بێت ئاوت هه‌بێت یان نه‌وت، كورد ئاوی نیه، نه‌وتی هه‌یه‌و خه‌ریكه خۆی پێ ئه‌خنكێنێت، ده‌بێت بیر له وه‌به‌رهێنان و تواناسازیه‌كی سیستماتیك به نه‌وته‌وه بكه‌ین و چاكسازیی لێره‌وه ده‌ستپێبكه‌ین.