پارێزگاری ھەولێر: ئەوانەی پرسی كۆرۆنایان بە سیاسیی كرد دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند

"لەپێناو باری قاچاغ دەروازەكانیان شل كرد"

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنێت، ھەندێك كەس و لایەن پرسی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێكەڵ بە ململانێی سیاسیی كرد و دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەھۆی جددی بوونی حكومەتی ھەرێم لە قۆناغی یەكەمدا توانیمان تاڕادەیەكی باش كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكەین، سەرۆكی حكومەت رۆژانە خۆی چاودێری دۆخەكەی دەكرد و لەسەر خەت بوو، بەڵام بەداخەوە ھەندێك كەس و لایەن ئەم پرسەیان بە سیاسی كرد و تێكەڵی ململانێی سیاسیان كرد، وایانكرد ئێستا دۆخی ھەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی بڕوات، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات و خەڵك بە تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی نەگرنەبەر بەرەودۆخێكی خراپتر دەڕۆین".

گوتیشی: "كاتی ئەوەھاتووە خەڵك لەوانە بپرسێت كە تا دوێنێ ئەو پرسەیان تێكەڵی ململانێی سیاسی كرد، دەیانگوت ئەم ڤایرۆسە بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە ھەولێر نەكرێت و مووچە دابەش نەكرێت، ئەمانە بوون دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند و ئێستا لە زۆربەی قەزا و گەڕەكەكان كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. كاتی ئەوەیە خەڵكی ھەرێمی كوردستان ھەڵوێست بەرامبەر ئەوانەی وەرگرێت كە بۆ باری قاچاغ و بیركردنەوەی تەسك ھەندێك دەروازەی سنووریان واڵاكرد و رێكارەكانیان شل كرد، ئەوانە كە بەرپێی خۆشیان نابینن ئەو دۆخەیان بە ئێستا گەیاندووە و لە قۆناغێكی مەترسیدارداین، بەڵام بەو مانایە نییە كە ئێمە وەك حكومەتی ھەرێم دەستبەرداربین، بەڵكو لە ھەموو كات جددیترین بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، بەڵام بە میكانیزمی دیكە، بەجۆرێك ھەم خەڵك كارو كاسبی خۆی بكات و ھەمیش رێكارەكان جێبەجێ بكەن".

جەختیكردەوە: "ئەم قۆناغە ھی ژیانكردنە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە بە جێبەجێكردنی رێنماییەكان، دەبێ رێكارەكان توندتربن و رێكارەكان باشتر جێبەجێ بكرێن".

لەبارەی رێگریكردن لە زێدەڕۆییەكان لە سنووری پارێزگای ھەولێر فرەست سۆفی گوتی: "ھەندێك كەس دەیانەویست دۆخی كۆرۆنا بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بقۆزنەوە، بەڵام رێگریان لێكراوە، لەم چوارچێوەیەدا 119 تەن دەرمانی قاچاغ و ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و بكەرەكانیان دراونەتە دادگا، ھەروەھا دەستگیراوە بەسەر 20 بیر پایل دەستی بەسەردا گیراوە و 2 ھەزار حاڵەتی زێدەڕۆیی كردنی زەوی و موڵكی گشتی گیراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ توانراوە تەنھا لە ماوەی یەك مانگدا ھەزار و 400 ھێڵی زێدەڕۆی كارەبا ببڕدرێت، تەنھا لە سنووری قەزای سۆران 5 ھەزار و 372 ھێڵی زێدەڕۆی كارەبا بڕدراون. ئەو ھەڵمەتە كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا راگیرابوو لە دوێنێوە دەستمان پێكردووەتەوە و لە شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان دەستمان پێكردەوە و دوێنێ كارەبای 20 شوێن بڕدرا".

پارێزگاری ھەولێر ئاشكراشی كرد: "بڕیارێكمان داوە لە ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت تاكو 9ی مانگی رابردوو ئەو كەسانەی بە زێدەڕۆ ئاویان راكێشاوە لەماوەی ئەم مانگە خۆیان ئاوەكە ببڕن ئەگەرنا دواتر وەك كارەبا ھەڵمەتی بڕینی ئاوی زیادەڕۆ دەست پێدەكات و بكەران سزا دەدرێن، ھەروەھا سێ مانگمان دیار كردووە بۆ ئەوانەی پێوەری كارەبایان نەبەستووە لە 9/9/2020 پێوەر دابنێن ئەگەرنا سزا دەدرێن، ھەروەھا ئەوانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە ئەگەر خۆیان نەیبەستن تووشی لێپرسینەوە دەبن".