شارۆچکەی چۆمان داخرا

 

K24 - چۆمان

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، شارۆچکەی چۆمان بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت و پشکنینی هەڕەمەکیش بۆ هاووڵاتییان دەکرێت لە شارۆچکەکەدا.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا شارۆچکەی چۆمان بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت... تیمەکانی تەندروستی بەشێوەی هەڕەمەکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان لەنێو چۆماندا دەکەن"، دواتر بڕیار لەبارەی کەرەنتینەکردنی دەدرێت.

داخستنی شارۆچکەکە لەکاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند 20 کەس لە سەنتەری قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەنجامی پشکنینەکانی کۆرۆنایان پۆزەتیڤ بووە.

چەند مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەسنووری چۆمان یەکەم حاڵەت لە دوو رۆژی رابردوو تۆمارکرابوو، بۆیە ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووان لەماوەی تەنیا دوو رۆژ، شۆک بوو بۆ بەرپرسان و خەڵکی ناوچەکە.

هەر ئەمڕۆ دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاند: "دەڤەری باڵەکایەتی زۆر هۆشیار بن و ترسێکتان هەبێت، چونکە ژمارەی تووشبووان زیاد دەبێت... چۆمان لە حاڵەتێکی مەترسیداردایە، لەبەرئەوەی بەرکەوتە هەیە، تووشبوو هەیە، کەسی بزریش هەن، نەخۆشەکان نیشانەشیان هەیە".