وەزیری تەندروستی: هێشتا درەنگ نییە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

ئەمڕۆ 33 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

رێژەی مردن بە پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئێستا 2%ـە ئەمەش زۆر زیاترە لە رێژەی پێشوو، کە لە 1% کەمتر بوو، بەڵام وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گەشبینە بەوەی ئەو دۆخە تێدەپەڕێت و دەڵێ "هێشتا زووە و درەنگ نییە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-6-2020) دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ژمارەیەك پزیشكی پسپۆڕ لە ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر کۆبوونەوە. وەزیری تەندروستی راوێژ بەو پزیشكانە دەكات لەبارەی پلانی داھاتووی وەزارەتی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، چونكە "حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەیەوێت بە پلانێكی نوێ بەرەنگاری كۆرۆنا ببێتەوە".

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری تەندروستی رایگەیاند "رۆژ بەڕۆژ دۆزینەوەی حاڵەتەکان زیاتر دەبێت. رێژەی تووشبوون زۆر لە رێژەی چاکبووەوە زیاترە، ئەمەش نیشانەیەکی ترسناکە. بەڵام هێشتا زووە و درەنگ نییە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان"، ئاشکراشی کرد ئەمڕۆ 33 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

تاوەکو ئێستا (کاتژمێر 01:40ـی سێشەممە، 9-6-2020) ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 1433 کەس، لەو ژمارەیەش 28 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری تەندروستی دەڵێ "بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشییەکە لەو ژمارەیەی ئێستا رابگرین و نەچینە دۆخێکی ترسناک کە لە دەستی تیمە تەندروستییەکان و هەموو لایەک دەربچێت، پێویستە هاووڵاتی خۆی بپارێزێت. هەر کەسێک خۆی بپارێزێت واتا خێزانەکەی دەپارێزێت و بەشێک دەبێت لە پاراستنی هەموو کۆمەڵگە".

دکتۆر سامان بەرزنجی جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەو قۆناغەی ئێستا، "دانانی ماسک نەک تەنیا ئەرکە، بەڵکو پێویستییە".

 

هـ.ر.