مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بە سەرۆکایەتی مێجەر جەنەراڵ جیرالد ستریکلاند جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا بۆ سەقامگیریی.

لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پرۆسەی چاکسازییەکانی حکومەت لە هەردوو بواری بەڕێوەبردن و داراییدا ،  بەتایبەتیش هەنگاوە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی خستەڕوو.

لە بارەی پەیوەندییەکانیش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەيمانان لە عێراق و سوریا جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانان کردەوە بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی سەربازیدا.

ئ. م