هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای سزادانی ئەوانە دەکات کە پابەندی رێنماییەکان نابن

K24 - سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی داوا لە خەڵکی پارێزگاکەی دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا، هەروەها سزای ئەو کارمەند و خاوەن کارانە بدەن کە پابەندی رێنماییەکان نین، بەوەی کەلوپەلیان لێ نەکڕن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-6-2020) داوا لە هەموو لایەک دەکات لەسەر سێ بنەما کاربکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، لەکاتێکدا پارێزگای سلێمانی زۆرترین ژمارەی تووشبوو و گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

دەقی راگەیەندراوەکە:

-هاووڵاتیانی خۆشەویست و شكۆمەند..

-فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت..

-كۆمپانیاو خاوەنكارو كاسب‌و بازرگانان و کەرتی تایبەت..

-دەستەبژێرو ڕێكخراوە مەدەنیی‌و پیشەیی‌و جەماوەرییەكان..

-چالاك‌و ڕۆژنامەوان و دەزگاو كەناڵ‌و تۆڕە مێدیایی‌و كۆمەڵایەتییەكان..

-كەسایەتیی‌و هێزو حیزب‌و لایەن‌و ڕێكخراوە سیاسییەكان..

دۆخی تەندروستیی جیهان‌و وڵاتەكەی ئێمەو پارێزگاكەیشمان، بە دۆخێكی مەترسیداری هەستیاری كارەساتباردا تێدەپەڕێت، ئەركی هەموو هەموومانە بەتەواوی جیاوازیی‌و ناكۆكیی‌ کەسیی و شوێن‌و كارو كات‌و پایەو پلەو پۆست‌و ئەركی مرۆیی‌و پیشەییمانەوە؛ بەیەكەوە كاربكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو كەمكردنەوەی قوربانیی‌و بەركەوتەو زیان‌و لێكەوتە خراپ‌و وێرانكەرەكانی پەتای كۆرۆناو، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی‌و تەندروستیی گشتیی‌و تاكەكەسیی هاووڵاتیانی وڵاتەكەمان‌و، باشكردنی دەرفەتەكانی كارو كەسابەت‌و بازاڕو بازرگانیی‌و، بەهێزكردنەوەی داهات‌و دارایی‌و ئابووریی دەوڵەت، كە هەموو ئەمانە لە ئێستادا بەهۆی ئەم پەتایەوە زیانی گەورەیان بەركەوتووە.

ئەم دۆخە وادەخوازێت ئیرادەی هاووڵاتیان‌و ئیدارەدانی دەوڵەت، ئەخلاق و قانون، بەرپرسیارێتی ویژدانیی‌و كەسی‌و كۆمەڵایەتی‌و یاسایی‌و دەوڵەتیی، هاووڵاتیان‌و حكومەت‌و دامەزراوە مەدەنییەكان، بەیەكەوە لەسەر ئەم سێ‌ تەوەرە، جیاكارییانەو تەواوكارییانە كاربكەین:

یەكەم: فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت، پێویستە بڕیارو ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان بەوردیی‌و بەتوندیی‌و بەخێرایی‌و بەبێ‌ چاوپۆشیی‌و كەمتەرخەمیی‌و بۆڵبژێریی‌و جیاكاریی بە بەرپرسیارانەو دادپەروەرانەو یاساییانە، جێبەجێ‌ بكەن.

وەك لە بەیان‌و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریمان كردووە، ئەركی هەر فەرمانگاو دامودەزگایەكی دەوڵەتییە ڕێكارو ڕێنمایی ورد لەسەر بنەمای ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستییەكان دەربكات‌و هەر سێكتەرو شوێن‌و كەسێكی تایبەت بەو سێكتەرەی خۆیان ئاگادار بكەنەوە بە پەیڕەوكردن‌و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەكانەوە، بەپێچەوانەوە لەلایەن ئەو فەرمانگاو دامودەزگا دەوڵەتییە پەیوەندیدارەوە بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەوە ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو سێكتەرو شوێنەكەیان دادەخرێت‌و لە مێدیاكان بڵاودەكرێتەوە.

پێویستە بەر لە هەر شوێنێك‌و كەسێك، فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن‌و هەر سەرپێچیی ‌و سەركەشیی‌و بەكەمگرتنێك، بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەو فەرمانگایە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی‌و كارگێڕیی توند دەكاتەوە.

دووەم: هاووڵاتیان‌و هەموو ئەو كایانەی لە پێشەكی ئەم نووسراوەدا ڕوومان لێناون، پێویستە هەموولایەك، یەك بەیەكیان پابەندیی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و خۆپارێزییەكان بن‌و ئاستی خۆپارێزیی خۆیان بەرزبكەنەوەو لە هەر بەریەككەوتن‌و تێكەڵاوبوون‌و كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك، لە هەر بۆنەیەكی شادیی‌و شایی‌و شین‌و نەخۆشیی‌و خۆشیی‌و ناخۆشیی‌و ئایینی‌و كۆمەڵایەتی؛ خۆیان بەدوور بگرن، لە هەوڵی بەردەوامیی خۆپاراستنی تەواودا بن‌و هانی دەوروبەرەكەشیان بدەن بۆ خۆپارێزیی زیاتر.

سێیەم: خۆپارێزیی‌و سزای كۆمەڵایەتیی ‌و یاسایی هاوبەشن، لێرەدا پێویستە هاووڵاتیانی بەڕێز چاودێری وردی دۆخی تەندروستی‌و خۆپارێزیی گشتیی‌و كۆمەڵایەتیی بكەن، بەومەبەستەی لە هەر شوێن‌و بازاڕو كۆمپانیاو كایەیەكی گشتی‌و تایبەتیدا، ئەگەر بینییان خاوەن ‌و كارمەندی شوێنەكان، پابەندی ڕێنماییەكان نابن، سەرزەنشتیان بكەن‌و كەلوپەلیان لێ نەكڕن و دابڕیان بكەن تا ئەوكاتەی پابەند دەبن‌و، لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتیان لێ ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی ئەو شوێنانە بەفەرمیی دابخەن.

بەڕێزان، بڕوا بە هیچ گومان و پڕوپاگەندەو شەڕێكی دەروونیی‌و ئەجێندایەكی سیاسیی‌و تێكەڵكردنی دۆزەكان، مەكەن، لە ڕابردوودا باوەڕكردنی بەشێكتان بەوانە، ئەم كارەساتەی خوڵقاندو، لە ڕاستیی مەترسیی‌و بوونی ڤایرۆسەكەی كەمنەكردەوە، لە ئێستادا ئەو كەس‌و لایەنانە كە ڕاكانیان بە درۆ گەڕاون، بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری خۆیان گومان لەسەر ئەرك و چالاكیی‌و خزمەت‌و خۆنەویستیی‌و خۆبەخشیی‌و دڵسۆزیی دامودەزگاكان‌و كەرتی تەندروستیی دروست دەكەن، مەهێڵن متمانەتان بكەوێتە چاڵەكانی گومانەوە، بە ئیرادەو هیممەتی هەموولایەك‌و بە گیانێكی بەرپرسیارانەی بەرزەوە؛ دامودەزگا دەوڵەتییەكان وەك ئەركێكی مرۆییانەو ئەخلاقییانەو ئاینییانەو نیشتمانییانەی خۆیان، (بەر لە ئەركە دەوڵەتیی‌و فەرمیی‌و كارگێڕییەكانیان)، ئەرکەکانیان جێبەجێ‌ دەكەن.

ئەركی حكومەتە، موچەی موچەخۆران و دەرفەتی كارو كەسابەتی بازاڕو پێداویستیی‌و خزمەتگوزارییە تەندروستیی‌و ژیانییەكان‌و ئارامیی‌و ئاسایشی گشتیی، دابین بكات، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە لەق ناكات، كە دەبێت بە هەموومان بەرەنگاری ئەم ئاڵنگارییە تەندروستیی‌و دارایی‌و ئابوورییە گەورەیە ببینەوە.

بە ئیرادەو ئومێدو سوربوون‌و بەردەوامبوونەوە، وەك هەمیشە چاوەڕوانیی هەڵوێست‌و هیممەت‌و پشتیوانیی‌و پابەندیی‌و خۆپارێزیتانین و، دڵنیاتان دەکەینەوە بە ڕێکارەکانی دەوڵەت و بە خۆپارێزیی ئێوەی بەڕێزو بە سزادانی ئەوانەی سەرکەشیی و سەرپێچی دەکەن، ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین.

بە ئومێدی تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان.

خودا پشت‌وپەنای هەمووان بێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

٩/ ٦/ ٢٠٢٠