پەیامێک لە سێیەم تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک دوای چاکبوونەوەی

kurdistan24.net

K24 - دهۆک

سێیەم تووشبووی تۆمارکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دهۆک، دوای کەرەنتینەکردن و وەرگرتنی چارەسەر، بەتەواوەتی چاکبووەتەوە و گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، بەڵام ئازاری پەتای کۆرۆنا ژیانی گۆڕیوە و ئێستا زۆر گرنگی بە خۆپارێزی دەدات.

عەبد، سێیەم تووشبووی تۆمارکراوی کۆرۆنایە لە دهۆک و پیشەی سەرتاشە، لەبارەی قۆناغی چارەسەرییەکەی دەڵێ "دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا بووم، 14 رۆژ لە کەرەنتینە مامەوە، دوای 14 رۆژەکە پێیان گوتم ڤایرۆسەکە لە جەستەت ماوە، یەک هەفتە لە نەخۆشخانە بووم و دواتر باشبووم و نەخۆشخانەم جێهێشت".

لەبارەی پەتای کۆرۆنا، عەبد دەڵێ "دەبێت خەڵک ئەو پەتایە بە سادەیی وەرنەگرن، ئەوە نەخۆشییەکی کوشندەیە، ئەگەر رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، حکومەت ناچارە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنێت، بۆیە ئەوکاتە گلەییت نەبێت، حکومەت تۆ دەپارێزێت، تۆش خۆت بپارێزە، ئەوە شتە راستەکەیە".

سەرەڕای هۆشیاریدانی بەردەوامی بەرپرسانی تەندروستی و داواکارییان لە هاووڵاتیان بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرنا، بازاڕی دهۆک جممەی دێت لە خەڵک و بەدەگمەن خەڵک بە دەستکێش و دەمامکەوە دەبینرێن.

 

هـ.ر.