مه‌سرور بارزانی: كشتوكاڵ كه‌رتێكی گرنگه‌ و پێویسته‌ به‌ باشترین شێوه‌ سوودی لێوه‌ربگیرێت

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/6/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پلان و پڕۆژەکانی حکومەت لە بواری گەشەپێدانی کشتوکاڵدا کرا.

 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێگەرد تاڵەبانی راپۆرتێکی وردی لە بارەی پلانەکان و ستراتیجی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ خستەڕوو بە تایبەتی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زیدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد کە دەکرێ ببێتە کەرتێکی جێگرەوە و بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لە ڕێگەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆ بەرهەمەکانیان.

بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە 2020/5/19 دامەزراوە و سەرۆکی حکومەت سەرۆکی بۆردەکەیه و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەندامی بۆردەکەن.