تۆڕێکی بازرگانی و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک دەستگیرکران

ویستوویانە زیاتر لە نۆ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەنێو گەنجان بڵاوبکەنەوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

تۆڕێکی بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک دەستگیرکران، کە لە شەش کەس پێکهاتوون و زیاتر لە نۆ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان پێبووە.
بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆک رایگەیاند ماوەیەکە ماددەی هۆشبەر چ وەکو بازرگانیکردن، یان وەکو بەکارهێنان و کێشان لەلای گەنجان زیادبووە.

لە راگەیەندراوەکەی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆکدا هاتووە "لە رێککەوتی 8-6-2020 کارمەندانی بنکەکەمان توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆڕێکی بازرگانی و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن".

ئەو گرووپە لەنێو سەنتەری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون، ژمارەی دەستگیرکراوەکان شەش کەسە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "نۆ کیلۆ و 185 گرام ماددەی هۆشبەریان پێبووە لەجۆری: هیرۆیین، کریستاڵ، حەشیش، تریاک و مەریوانا".

لە لێکۆڵیەنەوە لەگەڵیاندا، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەداناوە ویستوویانە ئەو ماددە هۆشبەرانە لەنێو گەنجاندا بڵاوبکەنەوە.

بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆک دەڵێ "کەیسەکیان داوەتە دادگا".