بازگەکانی هەرێمی کوردستان توندوتوڵ دەکرێن

چوار حاڵه‌تی تووشبوون له‌ بازگه‌ی شێراوه‌ ده‌ستنیشان كراوون
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

بازگەکانی هەرێمی کوردستان توندوتوڵ دەکرێن و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت بێتە ناو هەرێمی کوردستان ئەگەر رێگەپێدانی نەبێت.

هەرکەسێکیش دوای رێگەپێدان لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بێتە هەرێمی کوردستان پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ دەکرێت تادەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان دەبێت ئەو کەسە له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر کەرەنتین بکرێت. 

رائید سەلام ئیبراهیم، بەڕێوبەری بازگەکانی ئاسایشی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان كرد، كه هاتووچۆکردن راگیراوە  و خۆیان لە بازگەکان نەدەن لە پێناو سەلامه‌تی خۆیان و هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان.

بەڕێوبەری بازگەکانی ئاسایشی هەولێر گوتیشی: تەنها رێگە بەو کەسانە دەدرێت، کە رێگەپێدانیان هەیە.

لە بازگەکان جگە لە هێزه ئەمنییەکان تیمەکانی پزیشکیش جێگیر کراون ئەو هاووڵاتیانەی رێگە پێدراویان هەیە دەتوانن بێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان، به‌ڵام سه‌ره‌تا دەبێت پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجامی پشکنینەکانيش دەرده‌چێت دەبێت ئەو کەسە خۆی کەرەنتین بکات و چاودێری دەکرێت.

ئاسۆ جه‌بار، سەرۆکی تیمی پزيشکی بازگەی شێراوە رایگه‌یاند،  لەو پشکنینانەی لەم بازگەیە کراون 4 توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە  ئەو کەسانەش لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە رێگەپێدراویان هەبووە بێنە هەولێر.

لە دوایەمین کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بڕیار درا   بە بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمـی کوردستان و توندترکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە نێوان هەرێمـی کوردستان و پارێزگاکانی عێـراق.

لە دوای ئەم بڕیارەش بازگەکانی هەرێمی کوردستان توندوتوڵتر کراون و رێگە نادرێت هیچ کەسێک بەبێ رێگپێدان  و ئه‌نجامدانى پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتە هەرێمی کوردستان.