راکان جبووری داوای دەرکردنی هاووڵاتیانی کورد دەکات

داوای لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک كردووه‌

K24 – كه‌ركووك:

بەپێی نووسراوێکی نهێنی کە دەست کوردستان24 کەوتووە راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک به‌ وه‌كاله‌ت، داوای لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک كردووه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی عەشیرەتی شەممەر بۆ گووندی پەڵکانە بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

وەک راکان جبووری لەنووسراوەکەدا ئاماژەی پێکردووە ئەو كه‌سایه‌تییه‌ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکە و لە 2003 کۆچی پێکراوە.

له‌ نووسراوه‌كه‌، داواش دەکات پرۆسەکە بە دوو قۆناغ بێت، سەرەتا لەو خانوانە نیشتەجێ بکرێت کە بەتاڵن و دواتر ئەوکەسانەی لە خانووەکەیدان کە بەزیادەڕۆ ناوی بردوون و مەبەست لێی هاووڵاتیانی کوردە، دەربکرێن و ئەو سەرۆک عشیرەتە لەشوێنیان نیشتەجێ بکرێت.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی پەڵکانە سەبارەت بەداواکارییەکەی راکان جبووری و گەڕاندنەوەی ئەو كه‌سایه‌تییه‌ عەرەبە بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەوەی راکان جبووری داوای دەکات و دەیەوێت جێبەجێی بکات، هەمان داواکاری سەدام حووسێنە کە بەبڕیاری بەعسییەکان ئەو كه‌سایه‌تییه‌ و سەدانی دیکە بەزۆر لە سەر خاک و ئاوی کورد نیشتەجێکران و ئێستا ڕاکان جبووری دووبارەی دەکاتەوە.

گوتیشی: ئەو كه‌سایه‌تییه‌ عەرەبی هاوردەیە و خەڵکی عێراق نین و لەوڵاتانی دیکەوە بۆتەعریب هێنراون و لە 2003 هەڵاتن.

گوتیشی: خەڵکی گوندەکە هەر بڕیارێکی دیکەی هاوشێوەی بەعسییەکان قبووڵناکەن و خاکی خۆیان ڕادەستی هیچ کەسێک ناکەن کە عەقدێکی ساختەی سەردەمی سەدامی پێیە و دەیەوێت لەشوێنێک نیشتەجێ بێت کە تاپۆی قۆچانی هەیە و مووڵکی باب و باپیری خۆیەتی.

ئه‌و هاووڵاتییه‌، داواش لە حکوومەتی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کورد و پەرلەمانتاران دەکات پشتگیریان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پلانەی راکان جبووری و داروودەستەکەی کە ئامانج لێی تەعریبێکی دیکە و دەرکردنی هاووڵاتیانی رەسەنی کوردە.