ئەنتۆنی بلێنکن: لەگەڵ شای ئوردن باسی گۆڕانکارییەکانی سووریامان کرد

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلێنکن ڕایدەگەیەنێت، لە عەقەبە لەگەڵ شا عەبدولڵا شا حوسێن، شای ئوردن کۆبووەتەوە و باسییان لە گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە، لەگەڵ پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئوردن.
پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پێگەی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردەوە، لە عەقەبە لەگەڵ شا عەبدولڵا شا حوسێن، شای ئوردن کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی بلێنکن: لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە گۆڕانکاریی و پێشهاتە نوێکانی سووریا کردووە، هاوکات پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکایان بۆ ئوردن و ئاسایش و ئارامی ئەو وڵاتە دووپات کردووەتەوە.
بلێنکن ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ شا عەبدولڵا، باسیان لە گرنگیی گواستنەوەی دەسەڵاتی گشتگیر کردووە بۆ ئەو حکوومەتەی بەخواستی گەلی سووریا دێتە کایەوە.