كارگه‌یه‌ك له‌ سلێمانی پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی دروست ده‌كات

"نرخی لەو پێداویستییانە كەمتر لە دەرەوەی وڵات ھاوردە دەكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کارگەیەک لە سلێمانی، کە زۆربه‌ی كارمەندەكانی ئافرەتن، دەمامک و پێداویستە خۆپارێزییەکان بۆ نێو نەخۆشخانەکان و ھاووڵاتییان دروست دەکەن، ئەوان دەڵێن ئامانجمانە لەم سەروبەندەی کۆرۆنادا بە کەمترین نرخ و باشترین کوالێتی پێداویستییەکان بگاتە دەستی ھاووڵاتییان، تا خۆیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن.

شەیدا كەریم، ھاوشێوەی چەندین ئافرەتی دیکە لەسەرو بەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاری بووە بە دروستکردنی دەمامک تا ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی بەکاری بێنن. ئەو دەڵێ: "پێشتر لە كارگەكەمان جلوبەرگی سەربازیی دروست دەكرا، بەڵام لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستمان كردووە بە دروستكردنی پێداویستییەكانی خۆپارێزی".

رۆژانە لەم کارگەیە زیاد لە 15 ھەزار دەمامک دروست دەکرێت. زرێبار ھەورامی، خاوەنی كارگەكە بە كوردستان24ی گوت: "نرخی پێداویستییەكانی خۆپارێزی لای ئێمە كەمتر لەوانەی كە لە دەرەوەی وڵات دەھێنرێن، چونكە بەھۆی گومرگ و كرێی گواستنەوە نرخەكەی كەمتر زیاتر دەبێت، بەڵام ئەوەی خۆمان بە كەرەستەی ناوخۆیی بەرھەم دەھێندرێت".

گوتیشی: "ویستومانە لێرە زیاتر ھەلی كار بۆ ئافرەتان بڕەخسێنین".