گوندێکی سنووری بەردەڕەش کەرەنتین کرا؛ 12 دانیشتووی تووشی کۆرۆنا بوون

kurdistan24.net

K24 - بەردەڕەش

دوای ئەوەی لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا 12 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە گوندی زێلکای سنووری بەردەڕەش تۆمارکرا، گوندەکە کەرەنتینە کرا.

بەگشتی تاوەکو ئێستا 13 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون، کە 12ـیان دانیشتووی ئەو گوندە بوون و تەنیا یەک کەسیان کە کوڕێکی گەنجە، دانیشتووی سەنتەری بەردەڕەشە.

دکتۆر نارین عومەر، بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش باسی چۆنییەتی تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی گوندەکە بە پەتای کۆرۆنا دەکات و دەڵێ "یەکەم نەخۆش کە لە سنوورەکەمان دەستنیشانکرا، ژنێک بوو لە حەفتاکانی تەمەنیدا بوو، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی ئاکرێ خەوێنرا، دەرکەوت نەخۆشیی کۆرۆنای هەیە، یەکسەر تیمێکی تەندروستیمان ناردە گوندەکەی، گوندی زێلکان و بەرکەوتەکانمان دەستنیشانکردن".

دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی ژنە بەتەمەنەکە دەریخستووە تووشی کۆرۆنا بووە، بەگوتەی دکتۆر نارین "لە گوندەکەی 47 بەرکەوتوومان رەوانەی کەرەنتینە کردن لە ئاکرێ، 35 سامپڵیشمان لە یەکەم رۆژەوە رەوانەی دهۆک کرد، دوای رۆژێک حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە گوندەکە تۆمارکران، بۆیە بڕیاری کەرەنتینەکردنی تەواوی گوندەکە درا".

جیاوازیی قەزای بەردەڕەش لەگەڵ شوێنەکانی دیکە ئەوەیە، نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و شوێنی کەرەنتینەکردنی لێ نییە، بۆیە بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش تکا لە خەڵک دەکات "زۆر خۆیان بپارێزن و رێنماییەکانی تەندروستی بە تەواوی جێبەجێ بکەن".

 

هـ.ر.