پەرلەمانتارێكی عێراق: دابینکردنی مووچە لە رێگەی بانکی ناوەندی پێچەوانەی یاسایە

"کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەیە"

K24 - ھەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات، بۆ دابینکردنی مووچە پشت بە بانکی ناوەندی ببەسترێت.

ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناکرێت پشت بە بانکی ناوەندی ببەسترێت بۆ دابینکردنی کاشی پێویست، چونکە ئەوە دامەزراوەیەکی نەختینەییە و یەکەم ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە جێگیری نرخەکان بکات، راکێشانی هەر بڕە پارەیەک پێچەوانەی یاساکانی بانکەکەیە، ئەگەر بڕە پارەیەک رابکێشرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەیە و دەبێتە هۆی هەڵاوسانی نەختینەیی.

ئەمە لە کاتێکدایە گابریال سۆما، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، ترسیان هەیە حکومەتی عێراقی دەست بۆ بەکارهێنانی یەدەگەکەی ببات، کە لە ئەمەریکا پاشەکەوت کراوە و قەبارەکەی دەگاتە 60 ملیار دۆلار، هۆشداریشیدا بەو هەوڵەی حکومەت دیناری عێراقی بەهاکەی لە دەستدەدات و نرخی کاڵاکان بەرزدەبنەوە.