"لەترسی رێپێوانەکەی هەدەپە"، لە هەشت شاری باکووری کوردستان و تورکیا هاتووچۆ قەدەغەکرا

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان داوای رێپێوانی "لەپێناو دادپەروەری" لە لایەنگرانی کرد، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاتووچۆی لە هەشت شاری باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشتر رایگەیاندبوو لە 15-6-2020 رێپێوانێکی پێنج رۆژی بەناوی (رێپێوانی دادپەروەری) بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکەن و، داوای لە لایەنگرانی کردبوو لە دوو خاڵی دیاریکراوەوە دەست بە رێپێوانەکە بکەن.

ئەو شوێنانەی هاتووچۆیان لێ قەدەغە کراوە بۆ ئەوەی رێپێوانەکە نەکرێت، پێکهاتوون لە: بەدلیس، وان، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئەدرنە، کۆجائەلی، سەکاریا و تەکیرداغ.
هۆکاری رێپێوانەکەی هەدەپە، بەگوتەی خۆیان بۆ لادانی سەرۆکی شارەوانییەکانی و دانانی قەیووم لە شوێنیان، دەستگیرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی حیزبە دەگەڕێتەوە. هەدەپە، دەڵێ هەرچەندە دەسەڵاتی تورکیا "نادادپەروەریی زۆری بەرامبەریان کردووە"، بەڵام دەستی نەبردبووە بۆ لێسەندنەوەی متمانە و دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکانی، تاوەکو بەو دواییە هەردوو پەرلەمانتاری هەدەپە: لەیلا گۆڤەن و موسا فارسئۆغڵو متمانەیان لێسەنرایەوە و دەستگیرکران، ئەمەش بووە خاڵی تەقینەوەی ناڕەزاییەکانی هەدەپە و وایکرد بڕیار لەبارەی ئەو رێپێوانە بدەن.

رێپێوانەکە لە دوو خاڵەوە دەستپێدەکات: ئەدرنە، بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنەیە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لێی زیندانیکراوە و جۆلەمێرگ کە بازنەی هەڵبژاردنی لەیلا گۆڤەنە.