ڕاگەیاندنی کوردی و ڕووماڵکردنی قەیرانەکان

Kurd24

ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕووماڵکردنی قەیرانەکانی بەرۆکی کوردستان دەگرن، قەت وەک پێویست نەیتوانییە سوود لە ئەزموونی زۆر و کەڵەکەبووی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمه‌ریکی و روسی وەربگریت و زانیارییەکان بە جۆرێک و بە زمانێک و بە ژانری پێویست بۆ خەڵک بگوازێتەوە، جگە لەوەی چەواشەکاری تێدانەبێت، بۆ ماوەیەکی زۆریش لە زەینی بینەر و گوێگر و خوێنەر بمینێتەوە.

ڕۆژنامەنووسانی کورد قەت نەیانتوانییە سوود لە نووسینەکانی جۆن ڕید و باسکردن لەو "دە ڕۆژەی هەموو جیهانی هەژاند" وەربگرن، کە وێنەیەکی زۆر جوانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917ی بە خوێنەرانی دا، قەت نەیانتوانی سوود لە ڕێپۆرتاژەکانی قوستەنتین سیمینۆڤ (Konstantin Mikhailovich Simonov) وەربگرن، کە چۆن لە بەرەکانی دووەم جەنگی جیهانی، ڕێپۆرتاژەکانی دەنووسی و خوێنەری ڕێک بۆ ناوجەرگەی ڕووداوەکان دەبرد، قەت نەیانتوانی سوود لە ئەزموونی زۆری ئێڕنست هێمێنگوای دیسان لە بەرەکانی جەنگ و روماڵکردنی ڕووداوەکان وەربگرن، لێیەوە فێری نووسینی ڕێپۆرتاژ ببن.

ڕۆژنامەنووسانی کورد قەت نەیانتوانی سوود لە ئەزموونی زۆری ڕۆژنامەنووسانی جیهانی لە گواستنەوەی شەڕەکانی: کۆریا (1950 - 1953)، ڤێتنام (1955 - 1975)، ئەفغانستان (1979 - 1989)، ئێران و ئێراق (1980 - 1988)، کەنداو (1990 – 1991، 2003) وەربگرن و بەو جۆرە بگوازنەوە، کە بینەر بریندار نەکا، گوێگر توڕەنەکا، خوێنەر بە زانیاری و شێوەی نووسین تێربکا، ئەگەرچی کوردستان لە شەست ساڵی رابردوو، قەت بێشەڕ و شۆڕش و قەیران نەژایە.

ڕۆژنامەنووسانی کورد، نەک تەنیا نەیانتوانییە شەڕ و گرژییەکان بەجوانی و پسپۆڕانە و ڕاستگۆیانە بگوازنەوە، بەڵکو ئەوان لە گواستنەوە و تەشەنەکردنی کۆڕۆناش (COVID - 19) سەرکەوتو نەبووین و بە ئەنقەست یان لە نەزانین، زیانی زۆریان بە کۆمەڵ گەیاند. هەرچەندە پێش بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا کۆمەڵێ نەخۆشی دیکە وەک:

 (Aids) لە ساڵی 1981 ئاشکرابوو و تا ئێستا نزیکەی 35 ملیۆن کەسی کوشتییە. پێش ئەوەش لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی (1918 - 1920) ئەنفلەوەنزای ئیسپانی (The Spanish flu) پەیدابوو، لەنێوان پەنجا هەتا سەت ملیۆن کەسی کوشت. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کوشندەیە، ئەنفلەوەنزای هۆنگ کۆنگ (The Hong Kong flu) لە ساڵی 1956 لە چین سەریهەڵدا نزیکەی یەک ملیۆن و سەت هەزار کەسی کوشت. هەروەها ئەنفلەوەنزای بەراز (2009 - 2010) نزیکەی (284) هەزار کەسی کوشت. ڤایرۆسی ئێبۆلا (Ebolavirus) جاری یەکەم لە ساڵی 1976 لە رۆژئاوای ئەفریقا سەریهەڵدا و لە ساڵی 2014 جارێکی دیکە وەدیار کەوتەوە (WHO) زوو سەت ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرد و پێشیان لێگرت و نەیانهێشت بە جیهان بڵاوبێتەوە و خەڵکی زۆر بکوژێت.

لەسەر ئەو نەخۆشییانە سەرەوە (Epidemic) نووسین و سەرچاوەی زۆر هەن، بەڵام دیسان ڕۆژنامەنووسانی کورد نەیانتوانییە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دەرەوە وەربگرن و باش و جوان روماڵی بکەن، کە کەمترین زیانی بۆ کۆمەڵگه‌ی کوردەواری هەبێت.

لێرە و لەم نووسینە دەبێ وەڵامی دوو پرسیاری ئاسان بدەینەوە: بۆچی ڕۆژنامەنووسانی کورد و بۆچی دەزگاکانی راگەیاندنی کوردی نەیانتوانییە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن؟ لەخوارەوە ئاماژە بە خاڵە گرنگەکان دەکەین:

- ئەزموونی کەم لە بەڕێوەبردنی دەزگای راگەیاندن و بەتایبەتیش ئێزگەی رادیۆ و کەناڵی تەلەڤزیۆن.

- بەشنەکردنی کادری پسپۆری ڕۆژنامەنووس.

- نەبوونی یاسایەکی تێری ڕاگەیاندن و کارپێنەکردنی ڕێنماییەکانی ئێتیکی ڕاگەیاندن.

- تێنەگەیشتن لە رۆڵی گەورەی ڕاگەیاندن لە سەردەمی ئەزمە و قەیرانەکان.

- بە حزبهێشتنەوەی ڕاگەیاندنی کوردی و نەبوونی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی.

- دابیننەکردنی بودجەی پێویست.

- پشتگوێخستنی ڕاهێنانی بەردەوامی ڕۆژنامەنووسان لەسەر قەیرانەکانی بەرۆکی کوردستان دەگرن.

- بایەخنەدان بە بەشەکانی راگەیاندن و دابیننەکردنی کەلوپەل و تەکنۆلۆجیای پێویست بۆ پەروەردەکردنی قوتابیانیان.

- خراپی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا...هتد.

ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، نەیانتوانی بەجوانی روماڵی دوا ڤایرۆس (COVID - 19) بکەن، بۆیە لەجیاتی ئەوەی هەر لە رۆژانی یەکەم مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبەکان کۆبوونەوەیەک بکەن، پێکبێن و بڕیاری شێوەی روماڵکردنی بدەن، هەر دەزگایەک لەناو هەمان حزب، چۆن ویستی بەوجۆر، بە کەمترین ئەزموون لەسەر ئەم ڤایرۆسە، زانیاریی هەڵە و نادروستی بڵاوکردەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی، سەتان هەزار کەس، هەر بڕوا بەو ڤایرۆسە نەکەن.

ئەم خۆڕێکخستن و پێکهاتنە لەڕاستیدا کاری: حکومەت و مەکتەبەکانی ڕاگەیاندنە، هەردووک وەزارەتی ڕۆشنبیری و تەندروستییە، هەردووک سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و پزیشکانە، کە بەداخەوە کەسیان بەو ئەرکەی خۆیان هەڵنەستان و دەستپێشخەرییان نەکرد. ئەگەر ئێمە، بۆ چەند ساڵی ڕابردوو بگەڕێینەوە، دەبینین هەمان هەڵە یان کەموکورتی لەشەڕەکانی دژ بە داعش دەبینرێ. لەوکاتیش لەجیاتی ئەوەی زانیارییەکان بەشێوەی مەرکەزی بە پەیامنێران بدرێ، هەر رۆژنامەنووسە و خۆی بە تەنیا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوو و وەک چۆن ئەو دەیویست لێدوانی وەردەگرت، ڕاستەوخۆ شەڕەکانی دەگواستەوە، کە لە ئەنجامدا، دەیان پێشمەرگە شەهید بوون. ئێستاش هەمان هەڵە و کەموکورتی دەبینرێ. ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سوود لە پەیوەندییەکانیان لەناو وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان وەردەگرن و هەر کەسێک چۆن بیەوێ، بەوجۆر هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازێتەوە، کە لە ئەنجامدا، سەر لە هاووڵاتی ئاسایی شیوێندرایە، نازانن بڕوا بە کام کەناڵ و قسە بکەن.

دیارە ڤایرۆسی (COVID - 19) جارێ چارەسەری بۆ نەدۆزرایتەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ، دەبی بەهەموو جۆرێك بەرگەی بگرین، بۆیە لەمڕۆوە نابی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن جگە لە وەرگرتنی ڕای پزیشک و کادری پسپۆری وردی ئەم ڤایرۆسە رای کەسی دیکە وەربگیرێ، ئەوە هەنگاوێکی زۆر باشە، بۆئەوەی خەڵک باشتر لە مەترسی ئەو ڤایرۆسە تێبگات، لەجیاتی ترس و تۆقان، جوانتر خۆی بپارێزی.