سێ ژنە چەکداری داعش دوای راکردنیان لە کەمپی هۆل دەستگیردەکرێنەوە

K24 - قامشلۆ

سێ ژنە چەکداری داعش دوای ئەوەی لە کەمپی هۆل رایانکرد، لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئاسایش لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرانەوە.

میدیای سەر بە ھەسەدە بڵاویكردەوە، لە ترافیكی عەین عیسا، ھێزەكانی سەر بە ئاسایش (رۆژی یەکشەممە، 14-6-2020) سێ ژنە چەكداری داعشیان دەستگیركردووەتەوە، كە ویستوویانە لە گوندی ئەلدیبسـی رۆژئاوای عەین عیسا بچنە سنووری گرێ سپی و، بەرەو ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی توركیا.

میدیاکانی هەسەدە ناسنامەی سێ ژنەکەیان ئاشکرا کردووە، کە پێکهاتوون لە: مەریەم محەممەد، لەدایکبووی 1956، خاوەنی سێ منداڵە و هەموو منداڵەکانی چەکداری داعش بوون و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون.

هەر بەپێی میدیاکانی هەسەدە دوو ژنەکەی دیکە ناویان ریم ئیبراهیم، لەدایکبووی 1991 کە ژنی چەکدارێکی داعش بووە و، هاوژینەکەی لە شەڕی ئازادکردنی رەقە کوژراوە، هەروەها سێیەم ژنی دەستگیرکراو ناوی هیبە ساڵحە و لەدایکبووی 1995ـە، ئەویش هاوژینی چەکدارێکی داعشە، کە ئێستا لەلای هەسەدە لە زیندانە.

كه‌مپی هۆل له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ قه‌راخی به‌شی باشووری شارۆچكه‌ی هۆل لەسەر سنووری عێراق و سووریا له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1991 دروستکراوە. هەزاران ئاوارەی شەڕ لەنێو کەمپەکە نیشتەجێن، بەشێکی کەمپەکەش تایبەتە بە کەسوکاری چەکدارانی داعش.

 

هـ.ر.