کەرتی تەندروستیی چۆمان: دۆخی قەزاکەمان مەترسیدارە
K24 - چۆمان
دانیشتووانی قەزای چۆمان ژماره‌یان زیاتر له 20 هه‌زار كه‌سه و دوای زۆربوونی ژماره‌ی هه‌ڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، ئێستا كه‌مترین جوڵه لە چۆمان بەدیدەکرێت.
كه‌رتی ته‌ندروستیی چۆمان، دۆخی قەزاکە به مه‌ترسیدار ده‌بینێت، بۆیە تیمه‌كانی ته‌ندروستی ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕێن و، سامپڵ له به‌ركه‌وتووان و كه‌سوكاری تووشبووان به كۆڤید19 وه‌رده‌گرن.
د. ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی چۆمان دەڵێ "بە هاووڵاتییانی خۆشەویست رادەگەیەنین، کە هاوکاری تیمەکانمان بن بۆ وەرگرتنی سامپڵ و هۆشیاریی تەندروستی زیاتر، لەبەرئەوەی دۆخەکە لە مەترسیدایە و نەخۆش بە نیشانەوە دێنە نەخۆشخانە، یان کە زۆر باری تەندروستییان تێکدەچێت دێنە نەخۆشخانە و دەبێت خێرا رەوانەی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێر بکرێن".
بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له چۆمان چه‌ندین رێكار گیراونه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام قایمقامی ئه‌و قه‌زایه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه دژواره، داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كات.
له ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی چۆماندا تاوەکو (یەکشەممە، 14-6-2020)، 892 سامپڵ وه‌رگیراون. 60كه‌س وه‌كو توشبووی کۆرۆنا تۆماكراون كه دووانیان بیانی بوون و له‌ده‌روازه‌ی سنووریی حاجی ئۆمه‌رانەوە هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان. 40 تووشبوو له ڕه‌گه‌زی نێرن و 20ـیان له ره‌گه‌زی مێن، له‌نێویاندا چوار منداڵ هه‌ن.
لەنێو تووشبووانی کۆرۆنا لەو سنوورە: 39 كه‌سیان دانیشتووی ناوەندی چۆمانن، 19 تووشبووش له سنووری حاجی ئۆمه‌ران بوون. به‌ته‌مه‌نترینیشیان 91 ساڵه و بچووكترینیان ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ و هه‌شت مانگه، تائێستاش یه‌ك كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانی له‌ده‌ستداوه و ته‌نها یه‌ك كه‌سیش چاكبووەته‌وه.
هـ.ر.