لە بەڕێوەبەرایەتییەكی سلێمانی بەھۆی كۆرۆنا دەوام راگیرا

چەند فەرمانبەرێك تووشی كۆرۆنا بوون

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بەھۆی تووشبوونی چوار کارمەندیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانیان راگرت.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بە کورستان24 راگەیاند، دوێنێ ئەنجامی پشکنینی چوار فەرمانبەریان دەرچووە، کە دەرکەوتووە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بۆیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریانداوە دەوامی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان تا یەک شەممەی داھاتوو رابگرن.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی راشیگەیاند، ئێستا سەرجەم فەرمانبەرەکانیان لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە کردووە و پێیان راگەیاندوون، ھەر فەرمانبەرێک نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ھەبێت، بە زووترین کات پشکنین بکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی فەرمانبەرانەی تووشی كۆرۆنا بوون، تەمەنیان مامناوەندە.