مالیکی: ئەمەریکییەکان گوتیان فڕۆکەی F16ـتان پێ نافرۆشین نەوەک لە کوردستان بدەن

K24 - هەولێر

نووری مالیکی ئاشکرای دەکات، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە، ئەمەریکییەکان پێیان گوتووە فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16 بە عێراق نافرۆشن نەوەک لەڕێگەی ئەو فڕۆکانەوە لە هەرێمی کوردستان بدەن.

لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئافاقی عێراقی، نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق (2014 بۆ 2016) و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەوکات باس لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی ئێستای نێوان عێراق و ئەمەریکای دەکات و ئامۆژگاریی حیزب و لایەنەکانی عێراق دەکات متمانە بە ئەمەریکا نەکەن.

لە بەشێکی گوتەکانیدا نووری مالیکی ئاشکرای کرد "ئامۆژگاری برایانم دەکەم، کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکییەکان دەکەن، باوەڕتان بە ئەمەریکییەکان نەبێت، چونکە هەموو هەڵوێستەکانیان سیاسی و بازرگانییە، بۆ نموونە تانکێکت وەکو وڵاتانی دیکە پێ نافرۆشن، بەڵکو سیاسییانە پێت دەفرۆشن".

مالیکی دەڵێ "من، بۆ کڕینی کاروانی دووەمی فڕۆکەی ئێف 16 چوومە ئەمەریکا، لەلای ئەوان رێکارەکان بەو شێوەیەیە: ئەو رێککەوتنە ناکرێت هەتاوەکو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێس واژۆی لەسەر نەکات، کەسێک بوو ناوی مەنەندێس بوو، گوتیان بڕۆ مەنەندێس رازیبکە و چووم رازیبکەم، کەچی گوتی رازی نابم (ئەو فڕۆکانەت پێ بفرۆشین)، نەوەک بچی بەو فڕۆکانە هێرش بکەیە سەر ئیسرائیل یان کوردستان، بەڵام من پێمگوت رێگەنادەم بەو شێوەیە قسە بکەی، چونکە یەکەم گەلی کوردستان گەلی منن و من لێیان بەرپرسم، دووەم دەڵێی لە ئیسرائیل دەدەم، کەچی ئەوان 250 مووشەکی ناوەکییان هەیە، کە ئێوە پێتان داون".

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دان بەوەشدا دەنێت، بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا ئامادەنەبوو لەوکاتەدا مامەڵەیان لەگەڵ بکات، فڕۆکەی جەنگییان لە رووسیا کڕیوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.